كرێكارانی كوردستان بە ژیانێكی پڕ مەینەتییەوە جەژنەكەیان بەڕێ دەكەن

:: PM:01:46:01/05/2019 ‌
زۆربەی خاوەن كارەكان یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكار جێبەجێ ناكەن

كرێكارانی كوردستان لە كاتێكدا یادی یەكی ئایار دەكەنەوە، بە دۆخێكی ناهەمواردا تێپەڕ دەبن و كەمترین مافیان دەستەبەر كراوە، ئەو مافانەیشی بە یاسا بۆ كرێكاران رێك خراون، جێبەجێ نەكراون و تەنیا بەشێكی كەم لە كرێكار سوودمەند بوون. بۆ ئەم مەبەستە هەوڵێك لە ئارادایە بۆ هەمواركردنەوەی یاسا كۆنەكەی كرێكاران بە جۆرێك مافی كرێكار و خاوەنكاریش دابین بكات.

عوسمان زیندانی سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی لە كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، كرێكارانی كوردستان بەهۆی گیروگرفتە كۆنەكان و چارەسەرنەكردنیان لەلایەن خاوەن كار و حكوومەتەوە، بەتایبەت لە چوار ساڵی رابردوو كە تەنگژەی ئابووری و دارایی هەبووە؍ دەیان كێشەیان رووبەڕوو بووەتەوە. 

بەگوتەی زیندانی "بەهۆی دواكەوتن و راگیرانی پڕۆژەكان و نەبوونی دەرفەتی كار و داخستنی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا و مایەپووچبوونی بەڵێندەرەكان؍ كرێكارانی زیاتر تووشی كێشە بوون".

گرفتێكی تر كە سەرۆكی كرێكاران باسی دەكات، كەمبوونەوەی كرێ و دەرماڵەی كاركردنی كرێكارە؍ بەتایبەت ئەوانەی لە كۆمپانیا و كارگەكانی كاشی و بلۆك و چیمەنتۆ كار دەكەن؍ هەندێ شوێن دەرماڵەكانیان كەم كردووەتەوە. جگەلەمە لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی و هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە، هێشتا خاوەن كار دەرماڵەی بۆ كرێكار نەگەڕاندووەتەوە، بەوەیش كرێكانیان زیاد نەكردووەتەوە.

عوسمان زیندانی زانیاری زیاتری دا و گوتی، "دەبێ بۆ هەر 51 كرێكار لیژنەیەكی سەندیكایی سێ كەسییان هەبێت و 100 كرێكار لیژنەیەكی پێنج كەسی هەڵبژێردراوی هەبێت؍ بەڵام زۆر لە ناوەندەكانی كاركردن نایەڵن كرێكارەكانیان هەڵبژاردن بكەن و نوێنەرایەتی خۆیان هەبێت؍ هەر كرێكارێكیش بوێرانە هەڵسوكەوت بكات؍ رووبەڕووی فشار و هەڕەشە و دەركردن دەبێتەوە؍ ئەمەش لە كارگەیەك بۆ كارگەیەكی تر دەگۆڕێت".

لەبارەی سەلامەتی شوێنی كار، سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی كوردستان روونی كردەوە، هێشتا سەلامەتی شوێنی كار لەبار نییە و رووداوەكانی كار هێشتا بەردەوامن، كرێكار تووشی بێكاری دەبنەوە؍ هەندێكیان تووشی قەرزاری بوون بەتایبەت ئەوانەی خاوەن منداڵن و كرێنشینن، تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی جۆراوجۆر بوونەتەوە.

بە بۆچوونی عوسمان زیندانی، لە رووی یاساییەوە كرێكارانی بەشی بیناسازی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی نایانگرێتەوە؍ لە كاتێكدا زۆربەی قوربانییەكانیش كرێكارانی بیناسازین؍ ئەوەش یەكێكە لە بۆشاییە یاساییەكان. بۆ نموونە یاسای كاری عێراق لە ساڵی 2015 دەرچووە پێشكەوتووترە لەو یاسا كۆنەی لە ساڵی 1989 دەرچووە و لە هەرێمی كوردستان كاری پێ دەكرێت.

ئەو رەخنەی لە كابینەكانی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرت كە وەك پێویست بەرنامە و پلانیان بۆ پەرەپێدانی دۆخی كرێكار نەبووە و پشتیان تێكردوون.

لەبارەی ژمارەی ئەو كرێكارانەی بوونەتە قوربانی، عوسمان زیندانی ئامادە نەبوو هیچ ئامارێك بخاتەڕوو؍ لەو رووەوە گوتی: "ئەمساڵیش ژمارەیەك كرێكار بوونەتە قوربانی؍ بەڵام هێشتا ئاماری تەواوەتیمان لا نییە كە لەو ژمارە قوربانییە چەندیان ژن و پیاو و كرێكاری بیانی هەن".

ئەو پێی وایە ناتوانرێ ژمارەی كرێكار بە وردی دیاری بكرێت؍ چونكە خەڵك هەیە ئەمڕۆ دەبێتە كرێكار و بەیانی بێكار دەبێ؍ دوو دەزگە هەن كە كرێكار تۆمار دەكەن، دەزگەی ئامار و بەڕێوەبەرایەتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی؍ ئەوانیش زۆر كرێكار هەن ناچن خۆیان تۆمار بكەن؍ بۆیە ناتوانرێ ئامارێكی دروستی كرێكار وەربگیرێت، دەكرێ بگوترێت بە سەدان هەزار كرێكار لە هەرێمی كوردستان هەن و بە هەزاران كرێكاری بیانیش كار دەكەن.

لەبارەی دابینكردنی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و خانەنشینی كرێكارەوە؍ عوسمان زیندانی ئەوە دەخاتە ڕوو، "كاتێك یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی و خانەنشینی كرێكار دەرچوو لەپێناوی چەند خاڵێك بوو، لەوانە: كرێكار دوای خزمەتێكی 15 بۆ 20 ساڵی خانەنشین بكرێت؍ یان كەسێك تووشی رووداوێك دەبێت ژیانی دڵنیا (تەئمین) بكرێت و خەرجی تەندروستی لە ئەستۆ بگیرێت؍ لەگەڵ چەند خزمەتگوزارییەكی تر".

بۆ ئەمەش دەبێ خاوەن كارەكە مانگانە 17%ی مووچەی كرێكارەكە بدات بە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، كە 12% خۆی بیدات و 5% كرێكار بیدات. بەڵام وەك زیندانی باسی كرد "ئەمە زۆربەی خاوەن كارەكان جێبەجێی ناكەن؍ یان ژمارەیەك لە خزم و كەسوكاریان دەكەن و ئەوەی تر ناكەن".

"وشە" پێوەندی بە عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە كرد؍ بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات.

لەبارەی هەنگاوەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە، بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و ژنان و منداڵ لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە لیژنەكەیان كۆبوونەوەی ئەنجام داوە بۆ گفتوگۆ لەسەر یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی. 
بەگوتەی خۆی "دەیانەوێ یاسا كۆنەكە هەموار بكەنەوە لە خزمەتی كرێكاردا بێت". دووپاتیشی كردەوە "بۆ ئەو مەبەستە چەند راسپاردەیەكمان ئامادە كردووە كە هەم بۆ كرێكار و هەم بۆ خاوەنكار سوودی هەیە، چونكە ئەگەر خاوەن كار نەبێت كرێكار ئیشی چۆن دەست دەكەوێت".

وشە/ سلێمانی- هەستیار عەبدوڵا




وشە - وشه‌