لە یادی سوپای عێراقدا داعش هێرشی کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس

:: PM:02:34:06/01/2017 ‌
داعش هێرشی کردە سەر بنكەیەكی پۆلیس لە شارۆکەی دۆری بەپارێزگای سەڵاحەدین و بەهۆیەوە 12 ئەندامی هێزە تەناهییەکانی عیراق کوژران.

ئەمڕۆ هەینی شەشی کانوونی دووەم/یەنایەر تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شارۆکەی دۆری پارێزگای سەڵاحەدین و بەهۆیەوە پۆلیس هاتوچۆكردنی لەو شارۆکەیە قەدەغە كرد.

سەرچاوەیەكی ئەمنی پارێزگای سەڵاحەدین بە میدیا عیراقیەکانی راگەیاند، ئەمڕۆ هەینی تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی پۆلیس لە شارۆکەی دۆری رۆژهەڵاتی تكریت.

سەرچاوەکە روونی دەکاتەوە، لەگەڵ ئەو هێرشەدا هێزە تەناهیەکانی دۆر رێوشێنی توندیان گرتوەتە بەر و هاتوچۆکردنیان لەو شارۆکەیە قەدەغە کردوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سەڵاحەدین لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، لە هێرشەکەدا بۆسەر بنکەی پۆلیسی دۆر 12 ئەندامی هێزە تەناهییەکانی عێراق كوژراون.

لەم هەفتەیەدا ئەوە دوەمجارە هێرش دەكرێتە سەر دەزگا تەناهییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین و سێ رۆژ لەمەوبەر داعش هێرشی كردە سەر بنكەیەكی پۆلیس لە شارۆکەی سامەڕا.



وشە - هیدایه‌ت جان