ئەمەریكا بنكەیەكی نوێی سەربازی لە عێراق دادەمەزرێنێت

:: PM:09:07:08/05/2019 ‌

سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای ئەنبار ئاشكرای كرد كە هێزەكانی ئەمەریكا بەنیازن بنكەیەكی نوێی سەربازی لە باشووری بنكەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگاكە دامەزرێنن.

ئەمەریكا خەریكە هێزە سەربازییەكانی لە ناو عێراق و لە كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەكات، وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی بە عێراقمان راگەیاندووە بە گرنگی مسۆگەركردنی ئاسایشی هێز و بەرژەوەندی بنكە سەربازییەكانمان لەسەر خاكەكەی و دابینكردنی ئاسایشی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە لە بەغدا، بەڵام ئەو پارێزییە لە رێگەی رەوانەكردنی چەكی پێشكەوتوو بۆ ناوچەكە بەهێزتر دەكەین كە رەنگە پێویستمان پێیان بێت. 

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، هێزەكانی ئەمەریكا بەنیازن بنكەیەكی سەربازی نوێ لە باشووری بنكەی عەین ئەسەدی ئاسمانی لە رۆژئاوای ئەنبار دامەزرێنن، ئەوەش وەك یەكەم هەنگاوی لەو شێوەیە لەوەتەی ئەو هێزانە لەو بنكەیە جێگیر بوونە. روونی كردەوە، ئێستە ئەمەریكا ئامادەسازی دروستكردنی بنكەكە دەكات دوای رووپێوكردنی ناوچەكە و رێوشوێنی تەناهیشی لە ناوچەكە توندتر كردووە.

وەك سەرچاوەكە دەڵێت، هێزەكانی ئەمەریكا بەر لە دیاریكردنی ناوچەكە چاودێری چڕیان كردووە و پێشبینی دەكرێت بنكەیەكی گەورە بێت كە شوێنی نیشتنەوەی فڕۆكەی سەربازیشی تیادا بێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل