داوا لە عێراق دەكرێت باری لەناكاو ڕابگەیەنێت

:: PM:05:08:15/05/2019 ‌
ناوەندی ئەوروپی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێی وایە هەموو ئەو رێكارانەی ئەمەریكا لە عێراق گرتوویەتیەبەر هۆشداری روونە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی كراوە لەگەڵ ئێران. راوێژكارێكی ناوەندەكەیش دەڵێ، پێویستە عێراق باری لەناكاو رابگەیەنێت و پلانێكی فراوان هەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئایار، عیماد علۆ راوێژكاری ناوەندی ئەوروپی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رای گەیاند، پێویستە عێراق باری لە ناكاو رابگەیەنێت و پلانێكی گشتگیر و فرەوانی لەسەر ئاستی باڵا هەبێت كە دیوە سەربازی و تەناهییەكەشی بگرێتەوە و هەوڵی ئەوە بدات بەریەككەوتنی سوپای ئەمەریكا و ئێرانی لەسەر خاكی عێراق روو نەدات.

زیاتر گوتی، كشاندنەوەی فەرمانبەران لە باڵوێزخانە و هێنانی سەربازی زیاتر بۆ ناوچەكە و گەیشتنی چەندان كەشتی جەنگی جۆراوجۆر و فڕۆكەی بی 52، هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ پلانی ئەمەریكا بۆ لێدان لە ئێران.

روونیشی كردەوە كە ترەمپ بە عەقلیەتێكی بازرگانی كار دەكات، ئەو هەموو هێزە زەبەلاحە ناهێنێتە ناوچەكە ئەگەر لەگەڵ خۆی قازانجێكی بارزگانی و سیاسی نەباتەوە كە ببێتە گەرەنتیەكیش بۆ مسۆگەر كردنی خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، هەموو ئەوەش لە رێگەی بە ئامانج گرتنی بەهێزین هێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت كە ئێرانە.

راوێژكاری ناوەندە ئەوروپییەكە داوای لە حكوومەتی عێراق كرد كە هەرچی زووە هەڵوێستی خۆی لەسەر رووداوەكان بێ مەرایی كردنی هیچ لایەنێك رابگەیەنێت، لەگەڵیشدا پلانێكی باری لە ناكاوی سەربازی و تەناهی و خزمەتگوزاری رابگەیەنێت بۆ كەم كردنەوەی زیانی پڕۆسە سەربازییەكانی لە ناوچەكە روودەدەن. داواكاری ناوەندە ئەوروپییەكە لە كاتێكدایە كەمێك پێش ئێستە هۆڵەنداش كارە دیپلۆماسییەكانی لە عێراق راگرت.



وشە - فه‌رمان سادق