گۆڕان: ئەوانەی لەناو یەكێتی باسی یەكگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان دەكەن چ كارەن

:: PM:05:04:19/05/2019 ‌
ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی یەكگرتنەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان  رای دەگەیەنێت، ئەوانەی باسی یەكگرتنەوە دەكەن لە ناو یەكێتی هیچ پلەی حزبیان نییە و دەپرسێت كێن؟.

ژمارەیەك لە ئەندامی یەكێتی داوای یەكگرتنەوە و زیندووكردنەوەی رێككەوتنی نێوان ‌بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی دەكەن كە بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا واژوو كرا.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئایار، جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ "وشە" گوتی، بزووتنەوەی گۆڕان بەیانێكی تایبەت بڵاو دەكاتەوە لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا و چەند پرسێكی ورووژداندووە.

لە بارەی یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان كە ژمارەیەك لە ئەندام و سەركردەی یەكێتی باسیان كردووە جەلال جەوهەر گوتی، "ئەوانەی باسی یەكگرتنەوەیان كردووە چ كارەن لە ناو یەكێتی؟".

ئەو قسەیەی ئەندامەكەی خانەی راپەراندن بە واتای ئەوە دێت كە ئەوانەی لە ناو یەكێتی داوایان كردووە لەگەڵ گۆڕان یەكبگرنەوە هیچ پێگە و پلەیەكی حزبیان نییە.

بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی رێككەوتنێكی 25خاڵی لە نێوانیان هەبوو تا ئاستی یەكگرتنەوە، بەڵام یەكێتی ئامادەی جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە نەبوو بەهۆی كێشەی باڵەكان و كێشە ناوخۆییەكانی.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم