شیری دایك منداڵ لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی جگەر دوور دەخاتەوە

:: PM:12:13:08/01/2017 ‌

توێژینەوەیەكی نوێی ئەمەریكی ئاشكرای كردووە، كە شیری سروشتی دایك، منداڵ دوور دەخاتەوە لە تووشبوون بە نەخۆشییەكی جگەر بەتایبەتی چەوری نا كحولی لە جگەردا.

ئەو توێژنەوەیە لەلایەن پزیشكانی زانكۆی "كۆلۆرادۆ"ی ئەمەریكا ئەنجام دراوە و ڕۆژی شەموو ئەنجامەكەی لە بڵاوكراوەی "یەكێتی كۆمەڵەی ئەمەریكا بۆ بیۆلۆجیای ئەزموونی" بڵاو كراوەتەوە.

بەگوێرەی توێژینەوەیەكە، پزیشكان كاریگەری دژە ئۆكسید كە لە نێو شیری دایكدا هەیە لەسەر گرووپێك مشكی تاقیگە تاقی كردووەتەوە.

لە ئەنجامی ئەو تاقیكردنەوەیە دەركەوتووە، دژە ئۆكسیدی نێو شیری دایك یارمەتیدەر دەبێ لە پاراستنی منداڵ لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی جگەری چەوری و نا كحولی.

توێژەران هێما بۆ ئەوەش دەكەن، ئەو جۆرە دژە ئۆكسیدەی لە شیری مەمكی دایكەوەیە لە كۆمەڵێك سەوزە و میوەجاتیش بوونی هەیە، وەك كیوی و كەرەوز و سۆیا، بۆیە دەتوانن كەسانی گەورەش سوودی لێ ببینن و لە تووشبوون بەم نەخۆشییانەی جگەر دوور بكەونەوە.

ڕوونیان كردووەتەوە كە دژە ئۆكسید ڕۆڵی باڵا دەبینێ لە پاراستنی مرۆڤ لە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەكو دڵ و سوڕی خوێن و شێرپەنجە، هەروەها رێگر دەبێ لە هەڵوەشانەوەی خانەكانی جەستە.

زۆرێك لەو كەسانەی بە دەست قەڵەوی و شەكرە و بەرزی ئاستی كۆلیستڕۆڵ دەناڵێنن، سەرەنجام تووشی نەخۆشیی مەترسیدار دەبنەوە، بەتایبەت شكستهێنانی جگەر لە منداڵدا و شێرپەنجەی جگەرە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسیف بڵاویان كردووەتەوە، كە شیری سروشتی دایك دەبێتە هۆی باشكردنی توانای زانینی منداڵ و هەروەها رێگر دەبێ لە تووشبوونی منداڵ بە هەوكردنی سییەكان و سكچوون و رەبۆ، بۆیە پێشنیاز دەكەن كە شیری سروشتی دایك تا تەمەنی مانگێك و شەش ساڵ بەلایەنی كەمەوە پێویستە گرنگترین و سەرەكیترین خۆراكی منداڵ بێت.

سەرچاوە/العربیە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د