پۆلیسی ئەڵمانی ئۆپراسیۆنی گرتنی گرووپێكی مافیای عێراقی ئەنجام دەدەن

:: PM:02:53:22/05/2019 ‌
پۆلیسی ئەڵمانیا ئۆپراسیۆنێكی لە رۆژئاوای وڵات دەست پێ كردووە كە ناوچەیەكە پڕە لە گرووپی مافیای عێراقی كە بازرگانی بە مرۆڤ و مادەی هۆشبەر و چەك و كاری ساختەكاری دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 22ی ئایار، پۆلیسی ئەڵمانی بە ئاژانسی "ئەسۆسیتد پرێس"ی راگەیاندووە، بە بەشداری سەدان پۆلیس ئۆپراسیۆنێك لە 11 شاری ئەڵمانیا دەستی پێ كردووە كە ویلایەتی باكوری راین و ستڤالیای رۆژئاوا گرتووەتەوە تا دەگاتە كۆڵۆنیا و ناوچەی دۆڵی رور كە زۆر دووپات لەسەر ئەو دوو ناوچەیە كراوەتەوە.

سیلفیا چابیڤیسكی گوتەبێژی پۆلیسی ئەڵمانی رای گەیاند، ئۆپراسیۆنەكە چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت و ماڵی 34 كەسی گومان لێكراو كراوەتە ئامانج و لە پێشدا بەدوای بەڵگەی پێوەندار بە چالاكییە تاوانكارییەكانیان دەگەڕێین كە پێوەندارە بە بازرگانی بە مرۆڤ و مادەی هۆشبەر و كاری ساختەكاری.
 
جێی باسە ئەڵمانیا لە دوای 2015 بڕیاری وەرگرتنی پەنابەرێكی زۆری سووری و عێراقی دا، بەڵام ئێستە بەگوێرەی ئامارەكانی 2017 و 2018 بە بەراورد بە سێ مانگی رابردووی ئەمساڵ، هەوڵەكانی ئەو وڵاتە داخستنی دەرگایە بە رووی پەنابەران و دەركردنی بەشێكی زۆرە لە ئاوارەكان.


وشە - فه‌رمان سادق