توندوتیژی سێكسی و كوشتنی ژن لە سلێمانی ڕوو لە زیادبوونە.. ئامارە مەترسیدارەكە ئاشكرابوو

:: PM:04:59:23/05/2019 ‌
لە ماوەی چوار مانگدا لە سلێمانی نزیكەی 40 حاڵەتی توندوتیژی كە كوشتن و خۆكوشتن و سووتان و دەستدرێژی سێكسی دەگرێتە بۆ سەر ژنان تۆمار كراوە و زیاتر لە 500 سكاڵاش دژی پیاوان تۆمار كراوە.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندوتیژی دژ بە ژنان، لە ماوەی چوار مانگدا لە سلێمانی شەش ژن كوژراون و پێنج حاڵەتی خۆكوشتنی ژنانیش هەبووە، هەروەها 19 ژن سووتاون و هەشت ژنیش خۆیان سووتاندووە.

هەر بەپێی ئامارەكە، لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا 10 حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنان هەبووە لە لایەن پیاوانەوە و هەروەها زیاتر لە 500 سكاڵا لە لایەن ژنانەوە دژی پیاوان تۆمار كراوە بەهۆی حاڵەتەكانی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان.

بە ڕای توێژەران و پارێزەران حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان پێوەندی بە ناهۆشیاری كۆمەڵگا هەیە و پێویستە كۆمەڵگە لە بەرانبەر ژنان هۆشیار بكرێتەوە و هەوڵ بۆ كەمبوونەوەی توندوتیژی بدرێت و ژنان نەبنە قوربانی پیاوان.

شەونم حەمە كەریم توێژەری كۆمەڵایەتی بە "وشە"ی راگەیاند، توندوتیژییەكان كە بەرانبەر بە ژنان تۆمار دەكرێن پێوەستن بە كۆمەڵگاوە لە هەموو وڵاتان حاڵەتەكانی توندوتیژی هەن، بەڵام جۆراوجۆرن.

ڕوونیشی كردەوە كە كاتێك توندوتیژییەك بەرانبەر بە ژنان دەكرێت، ئەگەر جەستەیی بێت یان سێكسی، سەر دەكێشێت بۆ حاڵەتی سووتان و خۆسووتاندن و سەرئەنجام مردنی بەدوادا دێت و ئەوەش وا دەكات حاڵەتەكانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زیاد بێت.

هاوكات ئارەش فازیل پارێزەر و مافناس بە "وشە"ی راگەیاند، چارەسەر و كەمبوونەوەی حاڵەتەكان لەوەدا نەماوە كە كەسانی توێژەر و كۆمەڵناس و یاسایی بتوانن كۆمەڵگا هۆشیار بكەنەوە، بەڵكو پێویستی بە كەسانی پرۆفیسۆری زۆر شارەزا و دڵسۆزە و راگەیاندنیش رۆڵی گرنگ و كاریگەری خۆی ببینێت بە هێنانە پێشەوەی ئەو كەسانە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم