ئامانجی هاتنی هێزەكەی ئەمەریكا بە وردەکارییەوە ئاشكرا دەبێت

:: PM:02:28:25/05/2019 ‌
لە هەنگاوێكی نوێدا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران، ئەمەریكا هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، بەرپرسانی ئەمەریكیش دەڵێن، پێویستی و چەكی نوێیان بە دەستەوەیە. دۆناڵد ترەمپ رای گەیاند، ئامانجی ئەو هێزە پارێزگاریكردنە لە كەشتییە بازرگانییەكانی ناوچەكە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دوێنێ هەینی لەكاتی گەشتكردنی بۆ ژاپۆن رای گەیاند، كۆشكی سپی بڕیاری رەوانەكردنی هەزار و 500 سەربازی تری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەركردووە و ئامانج و ئەركی ئەو هێزەش پاراستنی ئەو كەشتییانە دەبێت كە بە كەنداو تێدەپەڕن.

ئاژانسی بلومبێرگ ئاشكرای كرد لەو هەزار و 500 سەربازە، بە كردەیی 600 سەرباز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و ئەوەی تریش كە 900 سەربازە، رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت.

كایتی ویلبارگر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریكی بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێ، بڵاوە پێكردنی ئەو هێزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر داوای جەنەڕاڵ كینیس ماكینزی سەركردەی سەركردایەتی ئەمەریكای ناوەند.

بەرپرسانی ئەمەریكا ئاشكرایان كردووە كە ئەو هێزە پێویستی جەنگی و نوێترین جۆری چەكیان بە دەستەوە دەبێت كە لەگەڵ گواستنەوەی ئەوان، جبەخانەكەش رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە.

ئەو هەنگاوە نوێیەی ئەمەریكا، نیگەرانی لای ئێران دروست كردووە و جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رای گەیاند، رەوانەكردنی ئەو هێزە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسییەكی زۆر گەورەیە بەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.

بڕیاری ناردنی هەزار و 500 سەربازی تر، لە كاتێكدایە پێشتر كەشتی فڕۆكە هەڵگری جەنگی ئابراهام لنكۆڵن و فڕۆكەی جەنگی زەبەلاحی بی 52 و چەندان كەشتی تری جەنگی گەیشتوونەتە ناوچەكە.

هەموو ئەوەی روو دەدات بەهۆی راپۆرتێكی هەوڵگری ئەمەریكییە كە كۆشكی سپی، ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی زانیاری هەواڵگری هەیە كە ئێران بە نیازە گورزێكی كوشندە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات.


وشە - فه‌رمان سادق