یەكەمین قوتابخانەی دهۆك دەشێوێنرێت

:: PM:02:42:25/05/2019 ‌

یەكەمین قوتابخانە لە شاری دهۆك كە دەكەوێتە ناوەندی بازاڕ، ئێستە كار لەسەر رووخاندن و شێواندنی دەكرێت، بەپێی زانیارییەكان پڕۆژەیەك لە شوێنی قوتابخانەكە دروست دەكرێت، هاووڵاتییان بە پێویستی دەزانن قوتابخانەكە نۆژەن بكرێتەوە و بە ناسنامەی شارەكەیانی دەزانن.

كارزان بامەڕنی ماموستای زانكۆ و شارەزای میژوو بە"وشە"ی راگەیاند، یەكەم قوتابخانەی دهۆك بەناوی "دهۆكی نوێ" لە چلەكانی سەدەی رابردوو دروست كراوە و تا چەند ساڵی رابردووش تێیدا دەخوێنرا.

زیاتر روونی دەكاتەوە، قوتابخانەی دهۆكی نوێ ناوەندی پێگەیاندن و پەروەردەكردنی دەیان هەزار خوێندكار بووە لە دهۆك و دەوروبەری، سەدان مامۆستا وانەی تێدا گوتووەتەوە، هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا و ئەندازیار و پزیشك و كەسانی تر كە دەرچووی ئەو قوتابخانەن لە فەرمانگەكانی شاری دهۆك و دەوروبەری دامەزراون، بۆیە ئەو قوتابخانەیە دەبێت وەك شوێنێكی كولتووری و ناسنامەی شاری دهۆك بمێنێ، وەك ئاگادارم بڕیارە پڕۆژەیەك لەشوێنی دروست بكرێت.

"بێجگە لەو قوتابخانەیە چەندان باڵەخانەی تر لە شاری دهۆك هەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی كۆنن، رووخێنراون و پڕۆژەی تر لە شوێنیان دروست كراون، بەڵام پێویست بوو ئەو شوێنانە نۆژەن بكرێنەوە بۆ ئەوەی ناسنامەی دهۆك بۆ نەوەی نوێ ون نەبێت". بامەڕنی وای گوت.

ئەو مامۆستایە دووپات لەوەش دەكاتەوە، دهۆك پێش ساڵی 1800 گوند بووە و دواتر لە ساڵی 1850 بووەتە شارەدێ، ساڵی 1873 بووەتە شارۆكە، هەروەها لە ساڵی1969 بووەتە پارێزگا، ئێستە زیاتر لە 900 هەزار كەس لە پارێزگای دهۆك دەژین كە پێك هاتووە لە حەوت شارۆكە و 21 شارەدێ. ناوی دهۆك لە دوو باج هاتووە، چونكە دهۆك دەروازەی سەرەكی كاروانە بازرگانییەكانی نێوان باكوری كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق بەتایبەتی مووسڵ بووە، كاتێك كاروان دەهاتنە دهۆك، لەلایەن كاربەدەستانی ئەوكاتی دهۆك باج و سەرانەیان لێ وەردەگرتن واتا ئەو دوو باجە لە باج و سەرانەوە دەهات.

قوتابخانەی دهۆكی نوێ دەكەوێتە تەنیشت پاركی نەورۆز و بارەگای پارێزگای دهۆك، شوێنەكە ستراتیجییە و لەسەر رووبەری 10 هەزار مەتری چوارگۆشە بنیات نراوە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - هیدایه‌ت جان