مانگرتنی پزیشکانی کەلار قوربانی لێ کەوتەوە

:: PM:03:15:25/05/2019 ‌

بەهۆی مانگرتنی پزیشکانی کەلار و نەچوونیان بەدەم نەخۆشێکەوە بوون بە هۆکاری مردنی و کەسوکاری نەخۆشە کۆچکردووەکەش دەڵێن ئەو پزیشکانە دوای تەواوبوونی دەوامیان کلینیکی خۆیان لەناو بازاڕ دەکەنەوە و کاری تێدا دەکەن.

ئەمڕۆ شەمە 26ی ئایار كەسوكاری یەكێك لەو نەخۆشانەی شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی كەلار گیانی لەدەستدا گردبونەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش هاتەدەنگ و داوا دەکات داواكاری گشتی بێتەدەنگ.

محەمەد وەهاب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پشكی گۆڕان و نوێنەری گەرمیان لەو ئەنجوومەنە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بەهۆی كەمتەرخەمی پزیشكانەوە لە گەرمیان، هاووڵاتییان باجی كەمتەرخەمی پزیشكان دەدەن و لەم شەوانە نەخۆشێك مردوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، سستی و پەكکەوتنی كەرتی تەندروستی لە سنووری گەرمیان و كەلار بەتایبەت. بەجۆرێكە وای لە ئێمە كردوە داوای بەدەنگەوەهاتن لە داواكاری گشتی ناوچەكە بكەین، هەرچەند نەبوون و كەمی دەرمان و جیاكاری لەنێوان گەرمیان و ناوچەكانی تر بۆتەگرفت بۆخەڵكی ناوچەكە.

هەر ئەمڕۆ ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، هەمان داواكاری ئەندامانی ئەنجوومەنیان بەرز کردەوە و داوای نەمانی گەندەڵییان لە کەرتی تەندروستی گەرمیان کرد.

محەمەد حەسەن، كەسوكاری دواین قوربانی دەستی پزیشك بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، پزیشكان لە نەخۆشخانە مان دەگرن و ئێواران كلینیكەكانیان دەكەنەوە .

چەند پزیشكێكیش لەنامەیەكدا بۆ "وشە" ئەوەیان خستەروو"پزیشكێك دوو رۆژە گیراوە" و پێیان وایە نابێ مامەڵەی وا لەگەڵ پزیشك بكرێت لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك .

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان