بە شێوەیەكی دروست كێشی لەشت كەم بكەوە

:: PM:09:29:29/05/2019 ‌

زۆركات رێجیم كردن دەبێتە هۆی بێبەش بوونی لەش لە چەندان پێكهاتەی خۆراكی گرنگ كە بۆ لەش پێویستن، دابەزاندنی كێشی لەش تەنیا مەبەست نیە كە واز لە خواردن بهێنرێت بەڵكو پێویستە وەرزشی گونجاو ئەنجام بدرێت و ژەمی تەندروست و رێك بخورێت بۆ ئەوەی لەش بە شێوەیەكی نمونەی بمێنێتەوە، زۆر رێگا هەیە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، بەڵام باشترینیان ئەم چەند خاڵەی خوارەوەیە.

یەكەم: بەردەوام بخۆ، كاتێك لەسەر رێجیم بەردەوام دەبیت پێویستە ژەمەكان لە بیر نەكرێت بەردەوام بخۆ بۆ ئەوەی برسیەتی دروست نەبێت، باشتر وایە هەمەجۆر خۆراك بخورێت، بەڵام بەرێژەیەكی كەم كە نەگات بە هەستی تێربوون.

دووەم: باش بنوو، ئەگەر بتەوێت كێشی لەشت كەم بكەیتەوە ئەوە پێویستە بە شێوەیەكی تەندروست بنوویت، چونكە وا دەكات كەمتر خۆراك بخۆیت و بەدوورت دەكاتەوە لە خۆراكی چەور و پر لە خوێ. كاتێك بەشێوەیەكی گونجاو دەنوویت ئاستی وزەت بەجێگیری دەمێنێتەوە كەمتر ئارەزووی خۆراك دەكەیت.

سێیەم: نانی بەیانی لەبیر مەكە، رێگایەكی تر بۆ دابەزاندنی كێشی لەش ئەوەیە كە خواردنی بەیانی لەبیر نەكرێت، چونكە دەبێت بە وزە بەڵام پێویستە بزانرێت كە چی دەخورێت بۆ ئەوەی هەتا ژەمی داهاتوو هەست بە برسیەتی نەكەیت، باشتر وایە شۆفان و شەربەت و دانەوێڵەكان بخورێت زیاتر.

چوارەم: میوە و سەوزە بخۆ، ئەگەر بتەوێت بەشێوەیەكی خێرا كێشی لەشت كەم بكەیتەوە ئەوە میوە و سەوزە بخۆ، چونكە دەوڵەمەندن بە پێكهاتەی خۆراكی كە رێگە لە برسیەتی دەگرێت گەدە بە پری دەهێڵێتەوە بۆ چەندان سەعات، ئەم رێگایە وا دەكات كەمتر خۆراكی ناتەندرست بخورێت. باشتر وایە رۆژانە دوو كوپ میوە بخورێت لەگەڵ سەوزە بۆ ئەوەی بری زیاتری ڤیتامین و كانزاكان بەلەش بگات و تەندروستی لەش بە گشتی باشتر بكات.

پێنجەم: كاتی برسیەتیت بزانە، زۆر كات خواردنی ناتەندروست و زۆر دەبێتە هۆی زیادبوونی كالۆری لە لەشدا بە شێوەیەكی هەڵە، بۆیە پێویستە سەرنج بدەین كە ئایا برسین ، یان ماندوو یان هەرشتێكی تر كە وا دەكات بخۆیت، چونكە ئەم كردارانە وا دەكات بەردەوام بیر لە خواردن بكەیتەوە، بۆیە پێویستە نیشانەی برسیەتی لە خۆتدا بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی لەكاتی پێویستدا نان بخورێت و نەبێتە هۆی قوورسبوونی لەش و رێگریكردن لە كەمكردنەوەی كێشی لەش.



وشە - ئاوات ئازاد