ئهگهرچى مانگی ڕەمەزان تەنها چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە، بهڵام تاكو ئێسته بهڕوونى دیار نییە جەژنی ڕەمەزان کەیە و دهكهوێته چڕۆژێكى ههفتهى داهاتووهوه، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێ "ئێوارەی ڕۆژی دووشەمى داهاتوو سێى حوزهیران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان ڕادەگەیێنین.
ئهمڕۆ ههینى 31ى ئایار، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامهنووسانی ڕاگەیاند، "ئێوارەی ڕۆژی دووشەمى داهاتوو سێى حوزهیران، کە دەکاتە 29ی رەمەزان، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەت لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پێوەندیدا دەبن و دوای نوێژی مەغریب لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕای دەگەیەنین کە چواری حوزەیران یان پێنجی حوزەیران جەژنی ڕەمەزانە".
زیاتر گوتى، "ئێوارەی سێی حوزەیران ئەگەر مانگ بیندرا، ئەوا ڕۆژی سێشەم چوارى حوزهیران دهبێته یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، بە هەر هۆکارێکیش مانگ نەبیندرا، ڕۆژى چوارشهم پێنجی حوزەیران دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان".
پێشتر كۆمەڵەی فەلەكناسی سعودییە ڕاى گهیاند، مانگ لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەم چواری حوزەیران كە دەكاتە 30 مین ڕۆژی مانگی رەمەزان بە ئاسانی دەبیندرێت، بههۆى ئهوهى جەژنی ڕەمەزان لە یەكەم ڕۆژی مانگی شەوال دەست پێدەكات، دوای تەواو بوونی ڕۆژەكانی مانگی ڕەمەزان، بۆ دیاریكردنیشی پشت بە بینینی مانگ دەبەسترێت، بۆیه تاكو ئێسته بهیهكجارى یهكلا نهكراوهتهوه.