فیدراڵی رۆژئاوای كوردستان چاوەڕێی دیداری ماكگۆركە

:: PM:02:29:04/10/2016 ‌
لە رۆژانی رابردوو كۆمەڵێك كۆنفرانس و كۆبوونەوە لە شاری رمێلان لە رۆژئاوای كوردستان لەبارەی چارەنووسی رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە چووە، قسە لەسەر سیستەمی فیدراڵی كراوە كە سەرجەم سنوورەكانی توركیا لەگەڵ سووریا تا عەفرین دەگرێتەوە.

لە سمینارەكە پێداگری لەوە كراوە كە رۆژئاوای كوردستان لە سووریا جیا نابێتەوە و دەیەوێت لە چوارچێوەی خاكی سووریادا مافی پێكهاتەكان لە باكوری سووریا بپارێزێت.

مەنسوور سەلیم هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی كاتیی فیدراڵی باسی لەوە كردووە كە رەچاوی داخوازی و پلانی وڵاتانی دەرەوە ناكەن و پێیان وایە فیدراڵی تاكە رێگەیە بۆ ئەوەی سووریا بە یەكگرتوویی بهێڵێتەوە.

جێگەی باسە بڕیار بوو لەو كۆنفرانسەدا هەرێمی رۆژئاوا رابگەیەنرێت، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكان لە سەركردەكانی كۆبوونەوەكە وەریانگرتووە، بڕیارەكە دوا خراوە و پاساوەكەش ئەوەیە چاوەڕوانی رەزامەندی هەندێك گرووپی چەكداری و هۆز و كەسایەتیی ناوچەكان دەكەن.

بڕیارە برێت مەكگورك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ سەركردەكانی رۆژئاوای كوردستان كۆ ببێتەوە تا كاتی راگەیاندنی فیدراڵی رۆژئاوای كوردستان رابگەیەنن.

رۆژئاوای كوردستان لە سێ ناوچەی عەفرین، كۆبانێ و جزیرە پێك هاتووە و جگەلە كورد پێكهاتەی ئەرمەنی، كریستیان توركمان و عەرەبیش دەژین.

ناوچەی عەفرین لە ناوچەكانی تر دابڕاوە و هێشتا هێزە كوردییەكان نەیانتوانیوە هەموو رۆژئاوای كوردستان بەیەكەوە گرێ بدەن. هۆكار و لەمپەری سەرەكی ئەو ئامانجە لە ماوەی رابردوودا توركیا بووە، بۆیە هێزەكانی هێنایە نێو خاكی سووریا و جەرابلوس و چەند ناوچەیەكی تری داگیر كرد.

وشە/میدیاكان_و:سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان