ئارەقەكردنی سروشتی و ناسروشتی

:: PM:10:00:08/06/2019 ‌

ئارەقەكردن بریتییە لە پرۆسەی ساردكردنەوەی لەش بەتایبەتی لە كەشوهەوای گەرمدا روودەدات، بۆیە سەرەڕای بوونی بۆنێكی ناخۆش و بێزاركار لە ئارەقەكردن، بەڵام پرۆسەیەكی پێویست و سروشتییە.

زۆر كەس بەدەست ئارەقەكردن و بۆنی ناخۆشی لەشیانەوە دەناڵێنن، رەنگە تارادەیەكی ئاسایی بێت بەهۆی زۆرچالاكی پێستیانەوە، بەڵام ئارەقەكردنی زۆر تەنانەت لە پلەی گەرمی مامناوەندی رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ بوونی چەند كێشەیەكی تەندروستی، بۆیە پزیشكان جیاوازی لە نێوان ئارەقەكردنی تەواوی لەش و ئارەقەكردنی چەند بەشێكی دیاریكراوی لەش وەك پێیەكان و باسك و ژێر باڵ دەكەن.

زۆر ئارەقەكردن رەنگە نیشانەیەكی تووشبوون بێت بە نەخۆشی شەكرە یان بوونی لوو لە لیمفەگرێكان یان چالاكییەكی زۆری رژێنی دەرەقی وەیان زەبحەی سنگ، رەنگە بەهۆی خواردنەوەی كحوول بێت یان دەرمانی ئەنتی بایۆتیك یان دژە خەمۆكی، هەروەها لەكاتی وەستانی سووڕی مانگانە و لە حاڵەتی زیادی كێشی لەشیش روودەدات.

هەرچی ئارەقەكردنی بەشێكی لەشە رەنگە هۆكارەكەی ماندووبوون بێت یان ئەوەتا بۆماوەیی دەبێت بەتایبەتی لە قۆناغی رواڵیدا، بەگشتی ئارەقەكردنی ناوچەیەكی لەش مەترسیدار نییە، بەڵام لە رووی دەروونییەوە نیگەرانی دروست دەكات و بێزاركارە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل