مانگرتنی گشتیی كرێكاران لە میترۆی لەندەن، وای كرد بە ملیۆنان كەس لە شارەكە تووشی كێشەی گواستنەوە ببن.
مانگرتنەكە بەهۆی دۆخی پیشەی كرێكاری، دەركردنی ژمارەیەك لە كرێكاران و داخرانی نووسینگەكانی فرۆشتنی تیكت بووە، بۆیەش لە سەرەتای بەیانییەوە جۆرێك پشێوی و قەرەباڵغی لە لەندەنی پایتەخت هاتووەتە كایەوە.
ئەمڕۆ لە لەندەن هیچ هێڵێكی میترۆ خەڵكیان نەگواستووەتەوە و پاڵەپەستۆیەكی زۆر خراوەتە سەر پاس و هۆكارەكانی تری گواستنەوە لەو شارە.
ئەمڕۆ بەهۆی راوەستانی هێڵی مترۆ، زۆرێك لە فەرمانبەرانی كۆمپانیاكان نەیانتوانی بە شوێنی كاریان بگەن و بەشێكیان هەر لە ماڵەكانی خۆیان دەستیان بە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان كرد.
سادق خان سەرۆكی شارەوانیی لەندەن لە پەیامێكدا كە لە تویتەر بڵاوی كردەوە نووسی، "پێویستی نەدەكرد مانگرتن بكرێت و ئەو هەموو خەڵكەش بكەونە كێشەوە، خۆم ئامادەم لەگەڵیان گفتوگۆ بكەم و كێشەكانیان چارەسەر دەكەم."
مترۆی لەندەن بە كۆنترین مترۆی دنیا هەژمار دەكرێت و لە ساڵی ١٨٦٣ەوە خزمەتگوزاری پێشكەش بە خەڵكی لەندەن دەكات و ساڵانە ملیارێك و ٣٤٠ ملیۆن كەس دەگوازێتەوە.