دۆخی دیالە ناجێگیرە و تەرمی پۆلیسێك لە خانەقین دۆزرایەوە

:: PM:12:32:12/06/2019 ‌

لە شارۆكەی خانەقین تەرمی پۆلیسێك دۆزرایەوە، هاوكات بەهۆی تێكهەڵچوونی دوو گرووپی چەكدار دایكێك و منداڵەكەی لە دیالە بوونە قوربانی.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ی حوزەیران، عەمید ئازاد عیسا بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین سەر بە هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لە گەڕەكی بان میلی شارۆكەی خانەقین، كەسێك بەناوی قوسەی جەمال حەسەن لەدایكبووی 1982 كە پیشەی‌ پاسەوانی سنوورە، لە ماڵەكەی خۆیدا بە كوژراوی دۆزرایەوە.

 زیاتر روونی دەكاتەوە، تا ئێستە نازانرێت ئەو پۆلیسە كوژراوە یان خۆی كوشتووە، كەسوكارەكەی چوونەتە ماڵەوە بینیویانە بە كوژراوی كەوتووە و چەند فیشەكێك بەر سنگی كەوتووە و ناشزانرێت چ جۆرە چەكێك بەكار هێنراوە، لێكۆلێنەوەی پۆلیس لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە.

هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی لێدوانی دژ بەیەكی بەرپرسانی شیعە و سوننە لە دیالە، دۆخی تەناهی ئەو ناوچەیە ناجێگیر بووە  و ناوبەناو گرووپە چەكدارەكان تێك هەڵدەچن و لەناو كۆڵانەكاندا تەقە لە یەكتر دەكەن.

عەلی حەیدەر ئەفسەری هەواڵگری پۆلیسی پارێزگای دیالە بۆ "وشە" رای گەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە سنووری عوزێم دوو گرووپی چەكدار رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە كە نەزانراوە سەر بە كێن، بە تەقەی ئەو دوو گرووپانە ژنێك و منداڵەكەی فیشەكیان بەردەكەوێت و هەردووكیان گیان لە دەست دەدەن.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - هیدایه‌ت جان