لە پێنجەم ساڵوەگەڕیدا.. مووسڵ بۆچی كەوت؟

:: PM:02:26:12/06/2019 ‌

دەچینە ناو پێنجەم ساڵوەگەڕی كەوتنی مووسڵ و هێشتا وردەكاری و هۆكاری كەوتنی پارێزگاكە بە دەستی داعش تەواو روون نییە، شارەزایانی سەربازیی مووسڵ تیشك دەخەنە سەر رووداوەكە كە داعش بۆ گرتنی شارەكە نەهاتبوو و خەڵكەكەش پاڵپشتیان لێی نەكرد، بەڵكو پلانێك بوو بۆ رادەستكردنی شارەكە و دواتر كۆنترۆڵكردنەوەی بەئاسانی.

شاری مووسڵ دووەم گەورە شاری عێراقە لەدوای بەغدا، لە 10ی حوزەیرانی 2014 كەوتە دەستی داعش، ئەوكات و تا ئێستەیش راستیی كەوتنی دیار نییە، راپۆرتێك لەلایەن خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق هاتە ئامادەكردن لەبارەی هۆكاری كەوتنی، بەڵام راپۆرتەكە پەردەپۆشی بۆ كرا، چونكە بەشێك لە بەرپرسانی سیاسی و تەناهی عێراق تیایدا تۆمەتبار كران.

موئەیەد جحێشی شارەزای سەربازی و ستراتیجی عێراق کە خۆی خەڵكی مووسڵە، بۆ "وشە" دەڵێت، پێش كەوتنی شارەكە چەندان رووداوی دوای یەك كەڵەكە بوون، گەندەڵییەكی گەورەی كارگێڕی و دارایی و سەربازی هەبوو، خەڵكەكە لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵ بێزار بوون بەهۆی پێشێلكارییەكانیان كە لە 2007وە تا 2014 ئەنجامیان دەدا و بەرتیل و سەرانەیان لە خەڵك وەردەگرت و هەمان رەفتارەكانی داعشیان لە دوای 2014 ئەنجام دەدا.

زیاتر گوتی، مووسڵ نەكەوت، بەڵكو رادەستی داعش كرا، چونكە ئەوكات لەناو شارەكە دوو فرقەی سەربازی و پۆلیسی ناوخۆیی و فەوجی فریاكەوتنی تێدا بوو و لە دەرەوەشی فرقەیەكی پۆلیسی فیدراڵ و فرقەیەكی تری سوپای لێ بوو، واتە هەردوو فرقە سەربازییەكە دەبوو، 80 هەزار كەس و 30 هەزار پۆلیسی ناوخۆییش هەبوو، لە بەرانبەردا لەو رۆژە 287 چەكداری داعش لە دەرەوەی پارێزگاكە هاتن و بە حیسابی خۆیان كردەیەكی هەڵكوتانیان ئەنجام داوە نەك هێرش، بۆیە مووسڵ رادەست كرا.

روونی كردەوە، ئەوكات مشتومڕ لەسەر پێدانی سێیەم ماوەی سەرۆك وەزیران بە نووری مالیكی هەبوو كاتێك ئێران دەیویست مالیكی لە دەسەڵات بەردەوام بێت، بەڵام سوننە و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەوە رازی نەبوون، بۆیە وەك لە دیدارێك بەر لە چوار مانگ لە كەوتنی مووسڵ نوجێفی ددانی بەوەدا نا كە قاسم سلێمانی هەڕەشەی لێ كردووم بەوەی ئەگەر بە سێیەم دەسەڵاتی مالیكی رازی نەبن، مووسڵ دەكەوێت.

جحێشی دووپاتی كردەوە، لە كەوتنی مووسڵ و ناوچەكانی تری عێراق هەموو بەرپرسانی سەربازی و تەناهی عێراق و پارێزگاكان بەرپرسن، بۆیە ئەوەی رووی دا پلانێكی گەورە بوو، داعشەكان دەڵێن تەنیا كردەیەك بوو بۆ شێواندنی دۆخی تەناهی بەرەی چەپی مووسڵ و دەستگرتن بەسەر بڕێك چەك و كشانەوە بوو، بەڵام كە بینیمان سوپا شكا و پاشەكشەی كرد، ئێمەش مووسڵمان كۆنترۆڵ كرد. كەچی چەند سیاسەتوانێكی عێراق دووپاتیان كردەوە كە پلانەكە ئەوە بووە تەنیا شاری مووسڵ رادەستی داعش بكرێت بۆ ناچاركردنی سوننە و ئوسامە نوجێفی بۆ رازیبوون بە سێیەم ماوەی دەسەڵاتی نووری مالیكی وەك سەرۆك وەزیران، دوای ئەوە مالیكی لە جەنگێكی بچووكدا داعش لە شارەكە دەربكات، بەڵام پلانەكە لەدەست دەرچوو.   

هێرشەكانی داعش بۆ سەر مووسڵ لە شەش تا نۆی حوزەیرانی 2014 بەردەوام بوو و لە بەیانی ئەو رۆژە داعش توانی دوا خاڵی ژێردەستی هێزەكانی عێراق لە بەری راستی شارەكە كۆنترۆڵ بكات، ئێوارەی رۆژەكەش تانكەرێكی بۆمبڕیژكراوی لە نزیك هوتێل مووسڵ كە بارەگای سەرەكیی هێزە تەناهییەكان بوو تەقاندەوە و ئاراستەی جەنگەكەی گۆڕی، هێزە تەناهییەكانی عێراق بەتەواوی شكان و مووسڵ كەوتە دەستی داعش.

خەڵەف حەدیدی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی بەسەر نەینەوادا هات كارەساتێكی مێژوویی ناخهەژێن بوو كە زۆر دەگمەنە لە سەردەمی نوێدا بەوەی رێكخراوێكی تیرۆریستی بتوانێ پارێزگایەك یان چەند پارێزگایەك داگیر بكات، بۆیە دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارییەكە دەگرێتە ئەستۆ، چونكە لە مێژوودا هەر حكوومەتێك بەرپرسە لە سێ دۆسیەی سەرەكی، یەكەمیان پاراستنی ئاسایشە و دووەم پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و سێیەمش پاراستنی ماف و ئازادییەكان، لە مووسڵ حكوومەت نەیتوانی بیپارێزێت و كەوتە دەستی داعش، دوای ئەوە سێ پارێزگای تر و چەند بەشێكی سێ پارێزگای تریش لەوانە بەغدا كەوتن.

زیاتر گوتی، هۆكارەكان نەبوونی سوپایەكی بەهێز بوو، جیا لە هۆكاری تایفەیی كە بەسەر سوپا و هێزە تەناهییەكاندا زاڵ بوو، هەروەها فەرامۆشكردن و پەراوێزخستنی شارەكە و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، هەموو ئەوانە دۆخێكی لەباریان بۆ داعش رەخساند بێتە ناو عێراق و كۆنترۆڵی نەینەوا بكات.

حەدیدی ئاشكرای كرد كە دەستێكی هەواڵگری نێودەوڵەتیش هەبوو لە شێوانی دۆخەكە و كەوتنی داعش، پرسیارێك هەیە كە ئاخۆ ئوسامە نوجێفی كە بە پلانەكەی دەزانی، بۆچی هیچ رێوشوێنێكی بۆ پاراستنی شارەكە نەگرتە بەر؟ بۆیە پێم وایە هۆكاری سەرەكی مامەڵەی تایفی هێزە تەناهییەكان بوو. دووپاتی كردەوە كە تا ئێستەیش بەدوای راستییەكەدا دەگەڕێین، كە لیژنەكەی پەرلەمان بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان چەند كەسێكی تۆمەتبار كرد و هەمووان دەیانناسن و بەڵگەیان لەسەرە، بۆیە داوا دەكەین كە ئەو هەموو زیانە گیانی و مایەكییەی مووسڵ لەبەرچاو بگیرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.


*داعش رای گەیاند پلانیان تەنیا كردەیەك بوو بۆ شێواندنی دۆخی تەناهی مووسڵ و دەستگرتن بەسەر بڕێك چەك و كشانەوە، بەڵام كە بینییان سوپا شكا، مووسڵیان گرت.


*پلانەكە ئەوەبوو تەنیا شاری مووسڵ رادەستی داعش بكرێت بۆ ناچاركردنی سوننە بۆ رازیبوون بە سێیەم دەسەڵاتی مالیكی و دوای ئەوە شارەكە ئازاد بكرێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل