ژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتی... سەرۆكی حكوومەت باشتر بناسە

:: AM:11:48:13/06/2019 ‌

لەو راپۆرتەدا تیشك خراوەتە سەر بەشێك لە ژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتی مەسروور بارزانی كە رەنگە بەلای زۆر لە ئێمەوە گرنگ بێت ئاگاداری ژیانی كەسی و سیاسیی ئەو كارەكتەرە بین كە بڕیارە سەرۆكایەتی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بكات، لەوانە كەی و لە كوێ لە دایك بووە و لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا گرنگی بە چی دەدات و لەڕووی سیاسییەوە بە چ مێژوویەكدا تێپەڕیوە.

رەنگە بەلای زۆرینەی خەڵكەوە وێنەیەك لە كارەكتەری سیاسیی دروست بووبێت بەدەر لەو ژیانەی رۆژانە تیایدا دەژیت و بەشێك لەو تایبەتمەندییە هونەری و ئەدەبی و رۆشنبیرییەی سیاسەتمەداران لە ژیانی رۆژانەیاندا گرنگی پێ دەدەن، بەلای خەڵكەوە شاراوە بێت.

مەسروور مەسعوود مستەفا بارزانی دوێنێ لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئیتر زۆربەی هاووڵاتییانی كوردستان بەلایانەوە گرنگە زیاتر لە كەسایەتی و ژیانی سەرۆكی نوێی حكوومەت ورد ببنەوە و زانیارییان لەبارەیەوە هەبێت، لەوانە ژیان و خەباتی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و حەز و خولیا و تێڕوانینەكانی بۆ بابەتە جیاوازەكان.

رەنگە ئەو بەدواداچوونە نەتوانێ كۆی ژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتی سەرۆكی حكوومەت لای خوێنەر روون بكاتەوە، بەڵام دەكرێ وەك دەروویەك بۆ سەرنج خستنەسەر تێڕوانین و كەسایەتی ئەو كارەكتەرە سیاسییە هەژمار بكرێت و لەڕێیەوە خوێنەر زیاتر پێی ئاشنا بێت.

مەسرور مسعوود مستەفا بارزانی لە 2/ 3/1969 لە گوندی دیلمان لە ناوچەی باڵەكایەتی چاوی بە دنیا هەڵهێناوە.

لە هاوینی ساڵی 1985 لە تەمەنی 16 ساڵیدا پێوەندی بە رێزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە و لە ریزی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازەوە دەستی بەخەباتی چەكداری كردووە.

ساڵی 1988 بەشداری مەیدانیی داستانی بەناوبانگی (خواكوڕك)ی كردووە لەدژی سوپای رژێمی دیكتاتۆری بەعس و بەكامێرای تایبەتی خۆی بەشێكی نەبەردییەكانی تۆمار كردووە كە بە یەكێك لە فیلمە دیكیۆمێنتارەكانی شۆڕشی چەكداری گەلی كوردستان دادەنرێت.

ساڵی 1991 لە دوای شەڕی یەكەمی كەنداو بەشداری لە راپەڕینی گەلی كوردستان كردووە.

سەرەڕای ئەوەی بەهۆی شۆڕش و بەرخودانی گەلی كورد ژیانی منداڵی خۆی لە ئاوارەیی بەسەر بردووە، بەڵام قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە ئێران بەسەركەوتوویی بڕیوە.

ساڵی 1992 بۆ فێربوون و شارەزابوون لە زمانی ئینگلیزی رووی لە لەندەنی پایتەختی شانشینی بەریتانیا كردووە و بۆ ماوەی ساڵێك لەوێ خوێندوویەتی‌.

دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن رووی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كردووە و لە زانكۆی ئەمەریكا لە واشنتن دی سی(1993- 1997 )دەستی بە خوێندن كردووە و بەسەركەوتوویی بڕوانامەی بكالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەكان بەدەستهێناوە. پاشان لە هەمان زانكۆدا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە بواری ئاشتی و چارەسەری ناكۆكییەكان خوێندوویەتی‌.

ساڵی 1998 گەڕاوەتەوە كوردستان و بەشداری لە كۆنگرەی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە و بە دەنگی بەشدارانی كۆنگرە بە‌ ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردراوە و ئەركی بەڕێوەبردنی ئاژانسی پاراستن و هەواڵگری پێ سپێردراوە.

ساڵی 2005 لە بەرانبەر رۆڵی خەبات و پرەنسیپەكانی مستەفا بارزانی لە ژیاندا، دەزگای خێرخوازی بارزانی دامەزراند، وەك‌ دەزگایەكی مرۆیی خێرخوازی قازانج نەویست بۆ پێشكەشكردنی یارمەتی و هاوكاری بە ئاوارە‌ و پەنابەران و  كەسانی خۆجێیی كە پێویستیان بە یارمەتییە.

لە كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ساڵی 2010 بەڕێوە چوو، یەكەمین دەنگی بەشدارانی كۆنگرەی بەدەستهێنا و دووبارە بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.

بە فەرمانی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری ژمارە( 68 ) لە 30/ 4/ 2012 بۆ سەرپەرشتیكردنی دەزگاكانی ئاسایش، هەواڵگری سەربازی و دامەزراوە هەواڵگرییەكان بە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دامەزرا.

لە دوای ئابی 2014دا لە بەرپەرچدانەوە و رووبەڕووبوونەوەی هێرش و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان پێكهێناوە، كە ئەم هەوڵە هاوبەشە رۆڵێكی كاریگەری لە ئاراستەكردنی هێرشە ئاسمانییەكان و بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنە مەیدانییەكان لە دژی تیرۆریستان هەبوو. مەسروور بارزانی خۆی لەگەڵ سەرۆك بارزانی بەشێوەیەكی مەیدانی لە بەرەكانی جەنگ ئامادە بوو و بەشداری لە سەرپەرشتكردنی زۆربەی ئۆپراسیۆنەكانی دژی داعش كردووە. 

دامەزرێنەر و سەرۆكی بۆردی زانكۆی ئەمەریكی كوردستانە لە دهۆك كە لە دێسێمبەری 2013 دا بەردی بناغەی پڕۆژەكەی دانا.

3/ 12/2018 لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەربژێر كرا.

11/ 6/2019 وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی گشتی 30/9/2018 لەلایەن فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ناوی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرا و لە دەنگدانێكی راستەوخۆدا بە دەنگی (87) پەرلەمانتار بە ئامادەبوونی (97) پەرلەمانتار بووە بەربژێر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

  12/ 6/2019 بە فەرمانی هەرێمیی ژمارە (1ی ساڵی 2019) لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راسپێردرا.

خێزاندارە و خاوەنی سێ كوڕ و كچێكە بەناوەكانی (یاسمین، ئارین، بەرزین، ئاران).

شارەزایی تەواوی لە نووسین و خوێندنەوە و قسەكردن بە زمانەكانی (كوردی، فارسی و ئینگلیزی) هەیە و لە زمانی عەرەبیش تێدەگات.
لە بواری هونەری و وەرزشی شارەزایی لە شێوەكاری و ئەسپسواری و مەلەوانی هەیە.


وشە - هیدایه‌ت جان