هه‌فته‌ی ڕابردوو گرژی و ناكۆكییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران گه‌یشته به‌رزترین لووتكه و پێشبینی هه‌ڵایسانی جه‌نگ زۆر نزیك بووه‌ته‌وه، به جۆرێك پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می ڕۆنالد ڕیگانی سه‌رۆكی پێشتری ئه‌مه‌ریكا به‌و ئاسته نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام تا ئێسته ته‌نیا زه‌نگی سووره و هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌یی بۆ جه‌نگ نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر.
له ماوه‌ی ڕابردوو چوار كه‌شتی له به‌نداوی فه‌جیره‌ی ئیمارات كرانه ئامانج و هه‌فته‌ی ڕابردوویش دوو كه‌شتی تر له ده‌ریای عومان، هه‌موو ئه‌وانه گرژییه‌كانیان گه‌یاندووه‌ته لووتكه، به‌ڵام تا ئێسته واشنتن و وڵاتانی هاوپه‌یمانی دانیان به‌خۆیان دا گرتووه و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش داوای لێكۆڵینه‌وه و ده‌رخستنی ڕاستییه‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه پێشتر ته‌نیا تاران هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی گه‌رووی هورمز و به ئامانجگرتنی كه‌شتییه بازرگانی و نه‌وتهه‌ڵگره‌كانی كردووه.
هه‌موو ئه‌و پشێویانه‌ی ئێسته له كه‌نداو هه‌ن زیانی گه‌وره‌یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، به تایبه‌ت به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، كه ئه‌مه‌ریكا به هه‌موو هه‌وڵی خۆی كاری ده‌كرد تا ڕێككه‌وتنی وڵاتانی ئۆپێك سه‌رنه‌گرێ و نرخی نه‌وت به نزمی بمێنێته‌وه، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كان له كه‌نداو له هه‌فته‌ی ڕابردوو به خێرایی نرخی نه‌وتیان به‌رز كرده‌وه، ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌یش به‌رده‌وامی هه‌بێ، ئه‌وا پێشبینی ده‌كرێ نرخی نه‌وت زۆر به‌رزتر ببێته‌وه.
تا ئێسته ئه‌مه‌ریكا هیچ وه‌ڵامێكی سه‌ربازی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه له هه‌ر جموجۆڵێكی ئێران توندترین وه‌ڵامیان ده‌بێ، به‌ڵام تا ئێسته بێده‌نگن ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه تا ئێسته دوو گورز له كه‌نداو دژی كه‌شتییه بازرگانییه‌كان و نه‌وتهه‌ڵگره‌كان وه‌شێنراوه و زیانی گه‌وره‌ی به بازرگانی له ناوچه‌كه گه‌یاندووه و كۆمپانیاكانی گوێزه‌ره‌وه‌ی نه‌وت ترسیان لێ نیشتووه و به وریایییه‌وه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن.
ئێسته هیچ ده‌رفه‌تێك نه‌ماوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌ی له ناوچه‌كه هه‌ڵگیرساوه بكوژیته‌وه، به تایبه‌ت كه كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌سپێشخه‌ری ئه‌مه‌ریكای ڕه‌ت كرده‌وه، كه شینزۆ ئابی سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن دوای سه‌ردانی بۆ تاران به حكوومه‌تی وڵاته‌كه و عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی گه‌یاند، تره‌مپ و حكوومه‌ته‌كه‌یشی به‌رده‌وامن له هه‌ڕه‌شه، تره‌مپ له دوا تویتی له‌باره‌ی گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران هێمای بۆ ئه‌وه كرد، كه ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران نیازی جه‌نگی هه‌یه، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه له كاتێكی زۆر كه‌م كۆتایی خۆی ده‌بینێت.
ئێران سیاسه‌تێكی دوولایه‌نه‌ی گرتووه‌ته‌به‌ر و له‌لایه‌كه‌وه دژی جه‌نگ لێدوان ده‌دات و باس له‌وه ده‌كات كه ده‌یه‌وێ دانوستاندن بكات، به‌ڵام به گوێره‌ی قسه‌ی شاره‌زایان له‌لایه‌ن هێزه بریكاره‌كانییه‌وه تاران سیاسه‌ته‌كانی خۆی له ناوچه‌كه جێبه‌جێ ده‌كات و هێرشه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت.
كه‌نداو و ئاوه‌كانی ته‌نگه‌به‌رن و به ئاسانی ده‌توانرێ له‌لایه‌ن چه‌كه جۆراوجۆره‌كانه‌وه هه‌ر ئامانجێكی ناو ئاوی كه‌نداو بكرێنه ئامانج، بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به چه‌كی پێشكه‌وتوو بێت، به‌مه‌یش ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئێران شاراوه ده‌بێت، چونكه ئێسته زۆربه‌ی گرووپه تیرۆریستییه‌كان ده‌توانن بۆمبی ده‌ستكرد دروست بكه‌ن و له‌و ڕێیه‌وه هێرش بكه‌نه سه‌ر كه‌شتییه بازرگانییه‌كانی ناو ئاوه‌كانی كه‌نداو.
كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌له‌مه تیژڕۆكانی سوپای پاسدارانه له ئاوی كه‌نداو، كه تا به ته‌واوی پلانی له‌ناوبردنیان دانه‌نڕێژێ ناوێری هیچ جموجۆڵێكی سه‌ربازی ئه‌نجام بدات، چونكه مه‌ترسی هه‌یه به‌مشێوه‌یه ئه‌مه‌ریكا گه‌وره‌ترین زیان به‌ر هێزه‌كانی ده‌ریایی بكه‌وێت و زۆرێك له كه‌شتییه‌كانی هاوشێوه‌ی كه‌شتییه بازرگانییه‌كان كه له دوو حاڵه‌تی ڕابردوو بینیمان بكرێنه ئامانجی بۆمبیكی لكاو و هێرشی مووشه‌كی.
ئه‌و هه‌نگاوه ناڕاسته‌وخۆیانه‌ی ئێرانیش بۆ ئه‌وه‌یه كه
ئه‌مه‌ریكا تووڕه بكه‌ن و ناچاری بكه‌ن ده‌ست به جموجۆڵ بكات، تا گورزی گه‌وره‌ی لێ بوه‌شێنن، به‌ر له‌وه‌ی هێز و فڕۆكه و كه‌شتی جه‌نگی ته‌واو بگه‌یه‌نێته ناوچه‌كه و مووشه‌كبارانی وڵاته‌كه بكات، له ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ. به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا تا ئێسته توانیویه‌تی نه‌كه‌وێته ئه‌و ته‌ڵه‌یه‌ی تارانه‌وه و ده‌یه‌وێ به جۆرێك وێنه‌ی ئێران له نێو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ناشرین بكات و هه‌مووان بهێنێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئێران و له‌ناوبردنی كارێكه كه له به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه و بیسه‌لمێنێ كه تاران بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر ئاشتی ناوچه‌كه و جیهان.
هه‌موو ئه‌وانه كۆتاییه‌كه‌ی هه‌ر پێشبینی جه‌نگی لێ ده‌كرێت و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئێسته ده‌بینرێن، سه‌ره‌تای پلان و تاكتیكی جه‌نگین، به‌م هێرشانه هه‌م ئه‌مه‌ریكا ڕه‌وایه‌تی به ناردنی هێزی زیاتر ده‌دا وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ جه‌نگ، هه‌م تارانیش ده‌یه‌وێ هێز و توانای خۆی پێشانی وڵاتانی دنیا بدات، كه ئه‌گه‌ر پشتیوانی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا بن، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك زیانیان به‌رده‌كه‌وێت و ده‌بنه ئامانجی هێرشه‌كانی له ئاوه‌كانی كه‌نداو.