ئەردۆغان هەڕەشەی جووڵاندنی هێز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

:: PM:06:02:16/06/2019 ‌
لەسەر وەبەرهێنان و دەرهێنانی گازی سروشتی و نەوت لە دەریای سپی ناوەڕاست، تا دێت گرژی زیاتر دەكەوێتە نێوان توركیا و قوبرسی یۆنانی لەلایەك و ئیسڕائیل و لبنان لەلایەكی ترەوە. سەرۆكی توركیا هەڕەشەی جووڵاندنی هێز دەكات ئەگەر بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی بكەوێتە مەترسی.

ئەمڕۆ شەموو 16ی حوزەیران، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا هەڕەشەی جووڵاندنی هێزی كرد و رای گەیاند، ئەنكەڕە بە توندی وڵامی هەر جووڵەیەك دەداتەوە دژ بە كەشتییەكانی توركیا لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست.

هەڕەشەكەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە تا دێت گرژییەكان لە دەریای سپی ناوەڕاست زیاتر دەبێت بەهۆی وەبەرهێنانی گازی سروشتی لە ئاوەكانی دەریای سپی ناوەڕاست.

ئەردۆغان گوتی، "با هەمووان بزانن هەر جووڵەیەك لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست بە ئاراستەی كەشتییەكانی توركیا بێت، ئەوا ئێمە بە هەموو هێزی دەریایی و ئاسمانی وڵام دەدەینەوە و كار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانمان دەكەین".

ئەردۆغان ئاماژەی بە هەڕەشەكانی قوبرسی یۆنانی كرد كە رێنوێنیان داوە بە هێزی وڵاتەكەیان بۆ گرتنی تیمی كەشتییەكانی توركی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، گوتی، "ناتوانن ئەوە بكەن، ئێمە رێگەی راسی خۆمان دەستنیشان كردووە و لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتەكەمان دەجەنگین، بە بێ دەنگی بینەری رووداوەكان نابین كە چی لە دەوروبەرمان روودەدات".

جێی بیرخستنەوەیە ناكۆكی توند لەسەر وەبەرهێنانی گازی سروشتی لە نێوان هەردوو قوبرسی یۆنانی و قوبرسی توركی هەیە، پێشتریش بەهۆی هەڕەشەكانی توركیا كۆمپانیایەكی ئیتاڵی ئامادە نەبوو وەبەرهێنان لە گازی سروشتی قوبرسی یۆنانی بكات بەهۆی ئەوەی توركیا پێی وابووە كێڵگە ئاوییە گازەكە دەكەوێتە سنووری قوبرسی توركی.

هەمان كێشە لەنێوان لبنان و ئیسڕائیلیش بوونی هەیە، لە ماوەی رابردوودا ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان ناوبژیوانیان لە نێوان هەردوو وڵات كرد بۆ دەستنیشانكردنی سنووری ئاوی هەردوو وڵات لە دەریای سپی ناوەڕاست.


وشە - فه‌رمان سادق