بۆ ئەوەی خۆت لە شێرپەنجە بپارێزیت

:: PM:07:32:16/06/2019 ‌

شارەزایان لە كۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمەریكی پێوەندی چەند خووێكی رۆژانەی مرۆڤیان لەگەڵ ئامارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە دیاری كرد وەك خواردنەوەی چا و قاوەی زۆر گەرم لە ژەمی بەیانیاندا، لە خوارەوە چوار خوو باس كراون كە پێویستە ئاگەداریان بیت:

یەكەم/ خواردن و خواردنەوەی زۆر گەرم، لای ئەوانەی وا راهاتوون كە خواردن و خواردنەوەی زۆر گەرم بخۆن مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی سوورێنچك و ناوپۆشی لینجی دەم زیاتر دەبێت، بۆیە شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ناكرێت چا و خۆراك لە پلەی گەرمی سەرووی 60 پلەی سەتی بخۆریت. 

دووەم/ قاوەی بەیانیان، لەكاتی سووركردنەوەی دەنكەكانی قاوە چەند مادەیەكی شێرپەنجەیی دروست دەبێت كە لە لەشدا كۆدەبنەوە، بۆیە خواردنەوەی دوو كووپ یان زیاتری قاوە لە رۆژێكدا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان بە رێژەی 41% زیاد دەكات، تەنانەت لای ئەوانەی كە جگەرەكێش نین. ئەو ئەنجامەش دوای شیكردنەوەی 1,2 ملیۆن حاڵەت لەلایەن كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ توێژینەوەكان لەسەر شێرپەنجە دەركەوت. 

سێیەم/ خواردنی رۆژانەی گۆشت، خواردنی رۆژانەی گۆشتی سوور، بەتایبەتی گۆشتی دروستكراو یان دەستكاریكراو، مەترسی مردنی خێرا بە رێژەی 43% زیاد دەكات لەوانەش بەهۆی شێرپەنجەوە، مادەی نیتراتی سۆدیۆم زیاترین مادەی زیانبەخشە لە گۆشتی دروستكراودا هەیە كە زانایان بە هۆكاری زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە چوار جۆری شێرپەنجەی كۆئەندامی هەرسی دەزانن.

چوارەم/ چالاكی شەوانە، كەمنوستن و بێداربوونەوە تا كاتێكی درەنگی شەوانە، كەمخەوی دەردانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین كەم دەكاتەوە كە بەرپرسە لە كاركردنی ئاسایی لەشی مرۆڤ، بۆیە كەمی ئەو هۆڕمۆنە توێژەران بە زیادبوونی مەترسی دەركەوتنی لووە پیسە شێرپەنجەییەكانی دەبەستنەوە لە لەشدا، بەتایبەتی كەمی دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی دەركەوتنی شێرپەنجەی مەمك لە ژناندا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل