دوا زانیاری لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان

:: PM:11:41:16/06/2019 ‌

ئەندامێكی كورد لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە هەوڵی رژد هەیە بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و دوای دیاریكردنی وەزیری بەرگری عێراق دۆخەكە دەگۆڕێت، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەش دووپاتی دەكاتەوە بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان چاوەڕێی رێككەوتنن. 

ناسر یووسف ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق بەرەو پێش چووە و  لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زیاتر بەرەو پێش دەچێت و بەرەو ئاساییبوەنەوە دەچێت.

ئاماژەی كرد، چاوەڕێی دیاریكردنی وەزیری بەرگری عێراقین بۆ زیاتر ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكان.

بەهۆی ململانێی توند لە نێوان هەردوو هاوپەیمانی وەتەنییە كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات و یەكێتی هێزە عێراقییەكان، تا ئێستە نەتوانراوە پۆستی وەزارەتی بەرگری عێراق یەكلا بكرێتەوە، هاوكات لەگەڵ وەرگرتنەوەی پۆستی سوپاسالاری عێراق لەلایەن كوردەوە، دەكرێت ئەو دوو هەنگاوە ببنە پاڵنەری بەهێز بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان.

لای خۆیەوە لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە چاوەڕێی وەزارەتی بەرگری عێراق دەكات بۆ بەردەوامیدان بە كۆبوونەوەكانی نێوانیان و جارێكی تر كۆببنەوە، چونكە ئەو كۆبوونەوانە دەبێتە هۆی ئاساییبوونەوەی پێوەندیەكانی نێوانیان.

زیاتر گوتی، تا كۆبوونەوەكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق تەواو نەبێت و هەردوولا نەگەنە ئەنجام، هیچ ئەگەر و بەرچاوڕوونییەك نییە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان نابێت. هاوكات دووپاتی كردەوە كە نازانن بۆچی وەزارەتی بەرگری عێراق بەدەم كۆبوونەوەكانەوە نییە؟.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل