گەنجێكی باڵەكایەتی لە زانكۆیەكی بەناوبانگی رووسیا دەبێتە مامۆستا

:: AM:09:30:17/06/2019 ‌

ماستەر و دكتۆرای لە بواری  ئەندازیاری فڕۆكە و رۆكێت و بۆشاییگەری بەدەست هێناوە

 


گەنجێكی باڵەكایەتی لە سنووری شارۆكەی چۆمان سەر بە پارێزگای هەولێر، بەهۆی لێهاتوویی لە خوێندن دەبێتە مامۆستای زانكۆیەكی رووسیا. هیوا حوسێن عومەر /34 ساڵ/ لە خێزانێكی كوردپەروەر لە كاتی ئاوارەیی لە ئێران و لە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە، كوڕی ماڵباتێكی پێشمەرگەیە. بەگوتەی خۆی باوك و باپیری بەهۆی پێشمەرگایەتی شاخ نەیانتوانیوە خوێندەوار بن و بڕوانامەی باش بەدەست بێنن،  بۆیە بۆ سەرخستنی كوردستان بە چەكی قەڵەم و زانست ئەو خەباتە بەردەوامی پێ دەدات 

لە دیدارێكی "وشە"دا هیوا حوسێن قوتابیی قۆناغی دووی دكتۆرا لە زانكۆی سامارای رووسیا و مامۆستای زانكۆ، باس لە دەستپێكی خوێندنەكەی دەكات و چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامەیە ئاشكرا دەكات، "خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیم لە ئێران بە سەركەوتوویی تەواو كردووە، لە ساڵی 1999 لە ئاوارەیی گەڕاینەوە باوەشی نیشتمان و قۆناغەكانی دواناوەندیم لە شارۆكەی سۆران بە كۆنمرەیەكی بەرز تەواو كرد. ساڵی 2002 لە بەشی ئەندازیاری میكانیك لە زانكۆی سەڵاحەدین وەرگیرام و خوێندنی زانكۆم بە سەركەوتوویی لە 2006 تەواو كرد.

لە دوای تەواوكردنی زانكۆ لە ساڵی 2006، سەرەتا لە كارگەی ئاوی كانی لە بێخال وەك ئەندازیار دامەزرا، پاشان لە ریزەكانی ئاسایش وەك ئەندازیاری مولازم دەستبەكار بووە و بەشی ئەندازیارانی لەناو ئاسایشی گشتی دامەزراند.

هیوا حوسێن دەڵێ، "لە ساڵی 2009 حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك زەمالەی خوێندنی لە رووسیا راگەیاند و یەكێك لەو بوارانە كە دەستنیشان كرابوو، خوێندن بوو لە بواری ئەندازیاری فڕۆكە، منیش لەبەر ئەوەی خولیایەكی زۆرم بۆ فڕۆكە و بواری ئەندازیاری هەبوو، سیڤی خۆم پێشكەش كرد بە ئومێدی ئەوەی بتوانم لەم بوارە تایبەتە خزمەتێكی وڵاتەكەم بكەم. دوای ئەنجامدانی چەندان چاوپێكەوتن، یەكێك بووم لەو قوتابییانەی هاتمە هەڵبژاردن بە مەبەستی خوێندن لە رووسیا لە بەشی ئەندازیاری فڕۆكە."

ئەو ساڵی 2010 كۆرسی زمانی رووسی بە سەركەوتوویی تەواو كرد و چووە زانكۆی)Moscow Aviation Institute (National research University)   و بەكالۆریۆسی لە ساڵی 2014 لەم زانكۆیە تەواو كرد. بەهۆی بەرزیی نمرەكانی لە قۆناغی خوێندنی بەكالۆریۆسدا، زانكۆی "مایی" دیپلۆمی سووریان پێ بەخشی، بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە لە رووسیا گرنگییەكی تایبەتی هەیە و دەدرێتە قوتابییە یەكەمەكانی سەر ئاستی زانكۆ.

 دوای تەواوكردنی بەكالۆریۆس، بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و زیاتر شارەزابوون، بڕیاری بەردەوامی خوێندنی داوە لە ڕێی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لە رووسیای فیدراڵ، داواكاری پێشكەشی كونسولگەی رووسیا لە كوردستان دەكات بە مەبەستی وەرگرتنی لە ماستەر لە هەمان پسپۆڕی، بەهۆی بەرزیی نمرەكانی و بەدەستهێنانی دیپلۆمی سوور لە بەكالۆریۆس، توانی سكۆلارشیپی خوێندنی ماستەر لە رووسیا لە هەمان زانكۆ بەدەست بێنێت، لە ساڵی 2016دا توانیویەتی بڕوانامەی ماستەر لە زانكۆی "مایی" و بە دیپلۆمی سوور تەواو بكات.

ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە كوردستان و وەك یاریدەدەری مامۆستا دەستی بە وانەگوتنەوە كردووە لە فاكەلتی ئەندازیاری زانكۆی سۆران، بۆ ماوەی دوو ساڵ توانیویەتی خزمەت بە زانكۆی سۆران و دەڤەرەكەی بگەیەنێت.

ئەو ماوەیەی لە زانكۆی سۆران بە وێستگەیەكی گرنگی ژیانی دەزانێت و روونی دەكاتەوە، زانكۆی سۆران بۆ ئەو سەرمەشق و رێنیشاندەری بواری ئەكادیمی بووە و زۆر سەرسامی ئایدیا و بیركردنەوەی دكتۆر موسڵیح عەبدولعەزیز سەرۆكی زانكۆی سۆرانە، هیوادارە ئەزموونی پێشكەوتن و پێگەیاندنی قوتابیی زانكۆی سۆران بگوازێتەوە بۆ زانكۆكان و جومگەكانی تری خوێندنی باڵا لە كوردستان

لە بەردەوامی قسەكانیدا هیوا حوسێن ئاشكرای دەكات، "لە ساڵی 2017 دوای ساڵێك لە گەڕانەوە لە رووسیا بۆ كوردستان، بڕیاری دا دووبارە بە مەبەستی خوێندنی دكتۆرا رێی رووسیا بگرێتەبەر، بۆ ئەم مەبەستە سوودی لەو 40 كورسیی خوێندنە وەرگرت كە حكوومەتی رووسیای فیدراڵ ساڵانە بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان دابینی دەكات و لە رێی سایتی رەسمی و كونسولگەی رووسیا لە كوردستان سیڤی خۆی پێشكەش كرد، دووبارە توانیی سكۆلارشیپ لە زانكۆی سامارا كە یەكێكە لە زانكۆ هەرە پێشكەوتووەكانی رووسیا لە بواری ئەندازیاری فڕۆكە و رۆكێت و بۆشاییگەری، بە دەست بێنێت و دەست بە خوێندنی دكتۆرا بكات.

زانكۆكە ناوی لە لیستی زانكۆ باوەڕ پێكراوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵای كوردستان و عێراقیشدا هەیە، ئەمساڵ لە قۆناغی دووەمی دكتۆرایە لەم زانكۆیە، دوای بەشداربوون لە كۆرسەكانی وانەبێژی و پێشكەشكردنی چەندان سیمینار و هەڵسەنگاندن و زیاتر لە دوو مانگ هەوڵدان، توانی وەك یاریدەدەری مامۆستا لە زانكۆی سامارا لە فاكەلتی (Theory of aircraft engines) دابمەزرێت و دەست بە وانەگوتنەوە لەو زانكۆیە بكات.

ئەو ئاواتەخوازە بە هەگبەی پڕتر و زانستێكی بەرزتر بگەڕێتەوە كوردستان و خزمەتی قوتابیان و پرۆسەی زانستی و خوێندن لە كوردستان بكات. هەروەها  سوپاسی خێزان و كەسوكار و خزمان و برادەرانی دەكات كە هەردەم پاڵپشت و هاندەری بوون.

 

*

هیوا حوسێن: ئامانجمە لە بوارەكەی خۆمدا خزمەت بە كوردستان بكەم

وشە/راپۆرتی مورشید برادۆستی




وشە - وشه‌