سلیمانی.. لە مانگێکدا 16 حاڵەتی کوژران و خۆکوشتنی ژنان تۆمار کراوە

:: PM:02:57:17/06/2019 ‌

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان له‌ هه‌رێمی كوردستان، لە ماوەی یەك مانگدا لە سلێمانی 16 حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن و سوتانی ژنان تۆمار كراوە و لەو ماوەیەشدا دوو ژن دەستدرێژی سێكسییان كراوەتەسەر و حاڵەتەكانی خۆسوتان و خۆكوشتنیش زیادیان كردووە.

بەپێی ئامارەکەی دەست "وشە" كەوتووە، لە یەك مانگی ڕابردوو لە سلێمانی یەك حاڵەتی كوشتن و سێ حاڵەتی خۆكوشتنی ژنان لە شارەكە تۆماركراوە، هەروەها شەش ژن سوتاون و چوار ژنیش خۆیان سوتاندووە و حاڵەتەكانی خۆكوشتن و خۆسوتانی ژنان بەراورد بە مانگی ڕابردوتر زیادی كردووە.

هەر لە ئامارەكەدا هاتووە، لەو مانگەدا دوو ژن دەستدرێژی سێكسییان كراوەتە سەر لە لایەن پیاوانەوە و 199 سكاڵاش لە لایەن ژنانەوە دژی پیاوان تۆماركراوە.

شەونم هەورامی، توێژەری بواری كۆمەڵایەتی بە "وشە"ی راگەیاند، توندوتیژییەكان كە بەرامبەر بە ژنان تۆمار دەكرێن پێوەستن بە كۆمەلگاوه، لە هەموو وڵاتان حاڵەتەكانی توندوتیژی هەن، بەڵام لە كۆمەڵگای ئێمە نا وشیاری تاك وای كردووە حاڵەتەكان زۆربن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، كە توندوتیژییەك بەرامبەر بە ژنان دەكرێت، ئەگەر جەستەیی بێت یان سێكسی، سەر دەكێشێت بۆ حاڵەتی سوتان و خۆسوتاندن و سەرئەنجام مردنی بەدوادا دێت و ئەوەش وا دەكات حاڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیاد بێت و ببێتە دیاردە.

دووپاتی دەكاتەوە، گرنگترین شت ئەوەیە لایەنی پێوەندیدار و رێكخراوكان كار بۆ وشیاركردنەوەی كۆمەڵگا بكەن و راگەیاندنەكان گرنگی بە لایەنی كەمكردنەوەی توندوتیژی بدەن و لە رێگای كەسانی شارەزا و تایبەتمەند باس لە بێزەونی توندوتیژی و كاریگەرییە نەرێنییەكانی بكەن لەسەر كۆمەڵگا و قوربانی بونی ژن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان