شێخ جەعفەر: مەحموود سەنگاوی ناوێرێ‌ بچێتە خانەقین

:: PM:03:54:19/06/2019 ‌
بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین ڕای گەیاند، مەحموود سەنگاوی لە ترسی حەشدی شەعبی ناتوانێ بچێتە خانەقین و پێویستە باسی دوو ئیدارەیش نەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ی حوزەیران، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین بۆ "وشە" گوتی، كوردستان بە مەحموود سەنگاوی تێك ناچێت و ئەو خۆی ناوێرێت سەردانی خانەقین بكات بە ئازادی نەك هەر خانەقینیش، بەڵكو میحوەرەكەی خۆشی كە بەرپرسی میحوەرەكەیە.

ڕوونی كردەوە كە ئێستە بارەگای سەنگاوی لە بناری بەمۆیە كە 200 كیلۆمەتر لە خانەقین و لەترسی حەشدی شەعبی ناوێرێت سەردانی خانەقین بكات. ئەو گوتی "نازانم مەحموود سەنگاوی چۆن دەتوانێ باسی دوو ئیدارەیی و باسی كوردستان و سەرۆك بارزانی بكات" .

شێخ جەعفەر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەگەر كوردستان ببێتە دوو ئیدارەیی دەبێ مەحموود سەنگاوی بۆ حاجی ئۆمەران رابكات، ناوێرێت لە بناری بەمۆش بارەگا دابنێت.

مەحموود سەنگاوی بەرپرسێكی یەكێتییە بەهۆی ئەوەی كوڕەكەی نەكراوە بە وەزیر و خۆیشی بەرژەوەندییە داراییەكانی لە مەترسیدایە و دزییەكانی نامێنێت، كەوتووەتە پەلاماردانی سەركردە سیاسییەكانی كورد.

هەولێر/ بڵند ئیبراھیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم