هەولێر.. ژنێك دوای جیابوونەوە لەلایەن مێردەكەیەوە هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكرێت

:: PM:11:44:19/06/2019 ‌

ژنێكی دانیشتووی شاری هەولێر دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی بە چەند مانگێك، باوكی منداڵەكەی هەڕەشە لە خۆی و خێزانەكەی دەكات، ئەو ژنە لەگەڵ كچە تەمەن شەش ساڵەكەی دەژیت و لە كاتی جیابوونەوەیان هاوسەرەكەی لە دادگا گوتوویەتی كچەكەی ناوێت، بەڵام دوای ئەوە لە ڕیگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكات.

ساوێن، ئەو ژنەیە كە دوای نۆ ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری، لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكرێت، ساوێن لە ڕیگەی "وشە" باسی كێشەكەی دەكات و دەڵێت، متمانەی بە هیچ ڕیكخراوێك نەماوە كە لە ژێر ناوی پاراستنی ژنانەوە كار دەكەن تا بۆ چارەسەری كێشەكەی پەنای بۆ ببات، چونكە پێشتر هانای بۆ زۆر لایەن بردووە، بەڵام لە ئاڵۆزكردن زیاتر هیچ پارێزراوییەكیان بۆ دروست نەكردووە.

ساوێن باسی ژیانی لەگەڵ عومەری هاوسەری كرد و گوتی، لە سەرەتاوە كێشەی زۆرمان هەبوو، گەورەترین كێشەمان لەسەر ئەوە بوو كە هەموو شەوێك بە سەرخۆشی دەهاتەوە و سووكایەت پێ دەكردم و لێی دەدام، لەبەر ئەوەی دایك و باوكم نییە، هەموو شتێكم قبووڵ كرد، ساڵێك و دووان و سیان تا منداڵێكم بوو، ئەوكات گوتم بۆ منداڵەكم دەژیم، بەڵام ئەوەش چارە نەبوو، چونكە لەگەل ئەوەی جەرگی بوو، بەڵام سەرخۆشی چاوی كوێر دەكرد و لە منداڵەكەشی دەدا.

ساوێن یەكێك لە بەسەرهاتە تاڵەكانی درەنگانی شەوێك دەگێرێتەوە، كاتێك عومەر سەعات دوو گەڕایەوە بە سەرخۆشی  زۆری لە من دا، كچەكەی لە بێشكە دەرهێنام و زۆر لێی پاڕامەوە وازی لێ بێنێ، كەچی  وازی نەهێنا، كچەكەم خۆی پیس كردبوو و سەری كچەكەمی خستە ناو پیساییەكەی خۆی، ئەو دیمەنەم تا مردن بیر ناچێتەوە، ئەو هەستە تەنیا ئەو دایكانە تێی دەگەن كە دیمەنی هاوشیوەیان دیووە، ئەوەی دەیڵێم دڵۆپێكە لە دەریایەك، كە نە چاو دەیبڕێت و نە مێشك خەیاڵی دەكات.

ئەوە سەرەتای هەموو ئازارێك بوو، وردە وردە هەرجارە و شەڕی لەگەل كەسێكدا دەكرد و ماڵی كەسیكی وێران دەكرد و ماوەیەك خۆی ون دەكرد و دەهاتەوە، كە ئەو دەڕۆیی خەڵك دەهاتە سەر من و منداڵەكەم، یەكێك دەیگوت لێی داوم یەكێك دەیگوت قەرزی لێ كردووم، جارێك پۆلیس دەهات و دەیگوت سكاڵای لەسەرە، هەرجارێك كە بۆ ماوەی چەند مانگێك ون دەبوو دەهاتەوە خراپتر دەبوو، ئەوە جگە لەوەی كە هیچ كارێكی نەبوو بە هاوكاری ماڵی خزمەكانمان و خەڵك دەژیاین.

ساوێن لەكاتی باسكردنی كێشەكەیدا ترسێكی زۆر لە رووخساری هەستی پێ دەكرا و لەرزینی دەست و لێوەكانی ئاماژەیەكی گەورە بوون بۆ ئەوەی كە برینە كۆنەكانی پشتڕاستی ترسی لە هەڕەشەكانی ئێستەی دەكەنەوە، ئەو دەڵێت چەند جاری تر بەهۆی لێدانەوە كەوتووەتە نەخۆشخانەو بە دانیشتنی عەشایەری چاكبوونەتەوە، شەش جاریش سەردانی چەند رێكخراویكی كردووە، بەڵام كێشەكەیان ئاڵۆز بووە و تەنیا ماندووبوونی پێ بڕاوە.

لەباسی بڕیاری جیابوونەوەكەیدا ساوێن گوتی، گەیشتینە قۆناغێك نەمانتوانێ درێژە بە ژیانی بەیەكەوەبوونمان بدەین، ئیتر ڕازیبووم بەوەی لەسەر شەقام سواڵ بكەم و منداڵەكم بژیەنم، بەڵام لەگەڵ ئەودا لە یەك ماڵ نەژیم، بۆیە داوای جیابوونەوەم كرد.

جارێك دوو دە، زۆر لێدانم خوارد و سووكایەتیم پێ كرا، خوشك و براكانم لە باوكی منداڵەكەم زیاتریا پێ كردم و گەیشتنە ئەوەی گوتیان تەڵاق وەرگری حاشات لێ دەكەین، ئەوان بە ئاشكرا دەیانگوت ئەگەر نان و شەقت بداتێ دەبێت قبووڵی بكەی بەس نابێت جیا ببیتەوە، من بڕایاری خۆم دا و كۆڵم نەدا، هەمووان پشتیان تێ كردم و منیش پشتم لە هەمووان كرد و تەڵاقم وەرگرت، بە وەرگرتنی تەڵاق كەڕامەتی خۆمم كڕییەوە، بەڵام لەوكاتەوەی تەڵاقم وەرگرتووە ژیانی خۆم و منداڵەكەشم بە تەواوی كەوتووەتە مەترسییەوە و بەردەوام هەڕەشەی كوشتنم لێ دەكات و لە ماڵی هەر كەسیك بم بەسەریاندا دەدات و سووكایەتیان پێ دەكات.

ساوێن، بەدوای ڕیگەچارەیەكدا دەگەڕێت و دەڵیت، هەر لایەنێك دەتوانێت هاوكاری خۆم و منداڵەكەم  بكات و لەدەست ئەو پیاوە ڕزگارم بكات كە ژیانی ئێمەی نەهێشتووە، ئەگەر بەڕاستی شتێك لە كوردستان ماوە بە ناوی پاراستنی مافی ژنان من دەمەوێ بمپاریزن، بەڵام پاراستنێك وەك بەندكراو نا لەناو داڵدەكانی ژنان چوونكە من هێچ كارێكی پێچەوانەی ئاین و كولتوور و خێزانم نەكردووە، هەموو ئەوەی كردوومە ئەوەیە لە پیاوێك جیابوومەتەوە كە مەترسی بوو بۆ سەر خۆم و منداڵەكەم.

بۆ بە دواداچوونی كەیسی ساوێن "وشە" پێوەندی بە بەڕیوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان كرد و كوردە عومەر، بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگە سەبارەت بە هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی كەیسەكە گوتی، سەرەتا دەبێت سەردانمان بكات و سكاڵا تۆمار بكات، پاشان هەموو بەڵگە و شایەتحاڵەكانیش بێنێت بۆ ئەوەی دەست بكرێت بە ڕێكارە یاساییەكان و هاوسەرەكەی بگیرێت و بدرێتە دادگا و بەپێی سەرپێچییەكانی سزا بدرێت.

زیاتر گوتی، ئەگەر توانای ئەوەشی نییە یان بارودۆخی گونجاو نییە بۆ ئەوەی سەردانمان بكات، دەتوانێت پێوندی بە تیمەكانمان بكات لە ڕێگەی هێڵی گەرمی ١١٩ و بە ئاسانترین شێوە بە ڕیگەی تەلەفۆنەوە تەواوی ڕینماییەكان وەربگرێت و هەموو جۆرە هاوكارییەكی پێ دەگەیەنین.
 







وشە - تایبه‌ت