پەرلەمانتارانی كورد: كاندیدی وەزارەتی داد یەكلا بووەتەوە

:: PM:11:32:23/06/2019 ‌

فراكسیۆنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەكەن سبەی دەنگ لەسەر كاندیدی وەزارەتە بەتاڵەكانی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دەدرێت و وەزارەتی دادیش هیچ كێشەی نییە و یەكلابووەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم ناسر یووسف, ئەندامی فراكسیۆنی پارتی بە "وشە"ی راگەیاند, تا ئێستە هیچ كێشەیەك نییە و پرسی تەواوكردنی كابینەكەی عەبدولمەهدی لە دانیشتنەكەی سبەی یەكلا دەبێتەوە و دەنگ لەسەر كاندیدەكان دەدرێت و لایەنەكان رێككەوتوون لەسەر كاندیدی وەزارەتەكان.

زیاتر گوتی, بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری نەجاح شمەری كاندیدە سەر بە ئەیاد عەلاویە و وەزارەتی ناوخۆ حوسێن یاسری كاندیدە و شیعەیە و وەزارەتی پەروەردەش هی سوننەكانە و سەر بە خەمیس خەنجەرە.

یووسف روونی كردەوە، بۆ پۆستی وەزارەتی داد حاكم فارووق كاندیدە و ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە، چونكە لە هەرێم رێككەوتن لە نێوان یەكێتی و پارتی كراوە و لە بەغداش ئێمە پابەندین بەو رێككەوتنە و دەنگی لەسەر دەدەین.

لای خۆیەوە جەمال شوكر, ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی بە "وشە"ی راگەیاند, بۆ پۆستی وەزارەتی داد هەر یەك لە حاكم ڕزگار و حاكم فارووق كاندیدن، بۆ ئەو پۆستە زیاتر حاكم فارووق قسەی لەسەرە و  كاندیدی بەهێزە و ئێمەش هیچ گرفتمان نییە.

زیاتر گوتی, دەكرێت سبەی كۆتای بە كابینەكەی عەبدولمەهدی بێت ئەگەر بێت و شیعە و سوننەكان لە ناو خۆیاندا گرفت دروست نەكەن, هەروەها گوشارێكی زۆر لە شەقامی عێراقی هەیە بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل