موقتەدا سەدر نهێنییەكانی بەڕێوەبردنی عێراق ئاشكرا دەكات

:: AM:11:47:24/06/2019 ‌
دوای راگەیاندنی مۆڵەتی 10 رۆژ بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و گۆڕانكاری لە هاوكێشەی سیاسی عێراقی بەوەی چەند هێزێك ئۆپۆزسیۆن بوونیان راگەیاند، موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون لە تویتێكدا، دووپات لە هەڵوێستی خۆی دەكاتەوە و نهێنییەكانی پشتەوەی بەڕێوەبردنی حكوومەت ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران موقتەدا سەدر لە تویتەكەیدا دەڵێ، ئەو هێزانەی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدان، پێداگرن لەسەر پشك پشكێنە و بەحزبی كردنی حكوومەت، بەڵام من هێشتا پێداگرم لەسەر حكوومەتی تەكنۆكرات و سەربەخۆ و هەمووان لە پێناوی گەلدا خزمەت بكەن نەك حزب.
سەدر ئاماژە بەوە دەدات، لە پێكهێنانی حكوومەتی تەكنۆكرات تەنیا چەند لایەنێك پشتگیرییان لە هەڵوێستەكەی كردووە، ئەمەش پڕۆسەی سیاسی و چاكسازی لاواز دەكات و ناتوانێت بەرەنگاری هەندێك گەندەڵی ببێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەوەی ئەوان دەیانەوێت وەها حوكمڕانی بكرێت ئەوا من پشتیان تێدەكەم و نابمە پاڵپشت بۆ گەندەڵكاران.
لە خاڵی سێیەمی تویتەكە کە لە وێنەیەکدا بە دوو لاپەڕە داندراوە، سەدر باس لە دۆخی خزمەتگوزاری گشتی دەكات، دەڵێ، حكوومەت شكستی هێناوە لە باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزاری.

سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون، باس لەوە دەكات كە ویستییان هەبوو هەموو بەیەكەوە خزمەتی نیشتمان بكەن، بڕیارەكانی دەردەچن عێراقی بن، بەڵام تا ئێستە بڕیارەكان لە دەرەوەی سنوور دەدرێن.

سەدر لە 10 خاڵدا سەرنجی لەسەر دۆخی عێراق دەخاتەڕوو، ئاماژە بەوەدەدات لایەن هەیە هانی ململانێی هەرێمایەتی دەدات و بەنزینی پێدا دەكات تا عێراق رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە، ئەوە نەك هەر رێگەپێدراو نییە بەڵكو حەرامە و گەل و پیرۆزییەكانی رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

خاڵی حەوتەمی تویتەكەی سەدر تا دەیەم، روو لە حكوومەت دەكات و داوای لێ دەكات كار بكات بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران ئەگەر هاتوو خۆپیشاندانی ئاشتییانەیان ئەنجامدا بۆ داواكردنی خزمەتگوزاری، ئەمەش وەك ئاماژەیەك دێت بۆ نزیكبوونەوەی كۆتایی هاتنی 10 رۆژەكە.

سەدر رەخنەی توند لە ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەگرێت و دەڵێ، كارەكانی زۆر لەرزۆكن، بۆیە ئەگەر كار نەكات و قبوڵی گەندەڵی و گەندەڵكاران بكات ئەوا مانای فراوانبوونی بازنەی گەندەڵكاران و سەپاندنی هەژموونی ئەوان دەگەیەنێت بەسەر دامەزراوەكانی حكوومەت، ئەی كوا بەڵێنەكان؟"

سەدر باس لە هاوردە كردنی كاڵای خراپ و مادەی هۆشبەر دەدات، ئەوە روون دەكاتەوە دوژمن تەنیا ئەو كەسە نییە بە چەكەوە دێت سنوور دەبەزێنێت، بەڵكو مادەی هۆشبەر لەو مەترسیدارترە، بۆیە پێویستە حكوومەت سنوورەكان تەنیا لەڕووی تەناهییەوە نەپارێزێت بەڵكو لەڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووریشەوە بیپارێزێت.

لە دوا خاڵیدا سەرۆكی هاوپەیمانی سائیروون، داوای بەهێزكردنی رۆڵی سوپا و پۆلیس و لایەنە تەناهییەكان دەكات، دەڵێ، چیتر رێگە بە هێزە حزبییەكان و تایفەگەرییەكان نەدرێت ببن بە چاودێر بەسەر خەڵك و چارەنووسیان دەستنیشان بكەن، گوتی "نەك تەنیا لە مووسڵ و ناوچە ئازادكراوەكان، بەڵكو لە هەموو عێراق نابێت رێگە بەو هێزانە بدرێت، ئەگەریش سەرایەی سەلام رێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی سەنگ و بەها بۆ سوپا و پۆلیس، ئەوا ئامادەم بۆ هەموو بڕیارێك".






وشە - فه‌رمان سادق