مەسروور بارزانی و ئاندرۆ پیک کۆ بوونەوە

:: PM:12:44:24/06/2019 ‌

مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئاندرۆ پیک، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا بۆ کاروباری عێراق و ئێران کۆ بوونەوە.

لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم بڵاوی کردۆتەوە، لە دیدارێکدا، کە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ستیڤن فاگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر و بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئامادەبوون، پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بەگشتی و پەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاکاندا تاوتوێ کرا.

زیاتر روون کراوەتەوە، مەسروور بارزانی تیشکی خستە سەر پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، هەنگاوەکان دەستیان پێ کردووە و لە وادەی دیاریکراودا پێکھاتەی کابینە بۆ متمانە وەرگرتن و سوێند خواردن دەخرێتە بەردەم پەرلەمان.

"هەروەها ئاماژە بە رەوش و پرۆسەی سیاسی لەعێراق درا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەچوارچێوەی دەستوور کرایەوە" لە راگەیەندراوەکەدا وا نووسراوە.

نووسینگەی ئەنجوومەنی راویژکاری ئاسایشی هەرێم ئاماژەی داوە، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسروور بارزانی لە ئەرک و بەرنامەی کابینەی داهاتوو خواست و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان نیشاندا.



وشە - هیدایه‌ت جان