نەتەوەیەكگرتووەكان داوا لە عێراق دەکات داعشە گیراوەکان دادگایی بکەن

:: PM:03:22:24/06/2019 ‌
نەتەوەیەكگرتووەكان داوا لە عێراق و سووریا دەكات دۆسیەی چەكدارانی داعش یەكلا بكەنەوە و چیتر لە گرتووخانەكان بەندیان نەكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە هێشتا ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە هەڕەشەیە بەسەر دۆخی تەناهی هەردوو وڵات. میشێل باشلیە سەرۆكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ دەڵێ، پێویستە چارەی ئەو 55 هەزار چەكدارەی داعش یەكلا بكرێتەوە، یان دادگاییەكی دادپەروەرانەیان بكەن یانیش ئازادیان بكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران، میشێل باشلیە سەرۆكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە كردنەوەی خولێك بۆ ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ لە جنێڤ، قسەی لەسەر رەوشی گیراوانی داعش لە عێراق و سووریا كرد، ئاشكرای كرد، 55 هەزار كەس لە چەكدارانی داعش و ژن و منداڵەكانیان لە عێراق و سووریا بەند كراون، پێویستە چارەنووسی ئەوانە یەكلا بكرێتەوە، ئەگەرنا لە داهاتوودا بەتایبەت منداڵەكان دەبن بە كەسانی بێ ناسنامە و كێشە بۆ كۆمەڵگەكان دروست دەكەن.

بەپێی ئامارەكانی باشلیە ئاشكرای كردن، ئەو 55 هەزار چەكدارەی داعش هەموویان بیانین و هەڵگری رەگەزنامەی 50 وڵاتی جیاوازن، جگە لەوان 11 هەزار خێزانی داعش لە كەمپی هول لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا راگیراون، ئەمەش لە كاتێكدایە رەوشی تەناهی ناوچەكە سەقامگیر نییە.
باشلیە گوتی "پێویستە ئەوانە دادگاییەكی دادپەروەرانە بكرێن و لەو رێگەیەوە كۆمەڵگەكان لە توندوتیژی و توندڕۆیی لە داهاتوودا بپارێزرێن، چونكە گرتنی بەردەوام و هێشتنەوەیان لە گرتووخانەكان مەترسیدارە لەسەر داهاتوویان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی تەنیا گومانیان لەسەرە".

قسەكانی باشلیە لە كاتێكدایە یەكینەكانی پاراستنی گەل دەیان جار داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا كردووە كە چەكدار و ماڵباتە داعشەكانیان وەربگرنەوە، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا ئامادە نین ئەو هەنگاوە هەڵێنن، تا ئێستەش تەنیا چەند دەوڵەتێك ئامادەییان دەربڕیوە، ئەمەریكا و فڕەنسا و هۆڵەندا ژمارەیەكی كەمیان وەرگرتووەتەوە.
 
یەكێك لە كێشە گەورەكانی ماڵباتانی داعش، مناڵەكانیانن، ئەوان تا ئێستە بێ ناسنامە و رەگەزنامەن، نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێ، ئەوە پێشێلكردنی مافەكانیانە كە رەنگە داعش هزری شۆردبنەوە بۆ ئەوەی كاری توندڕۆیی ئەنجام بدەن، پێی وایە مانەوەی ئەو دۆسیەیە بەمجۆرە لە داهاتوودا مەترسی گەورەتر دروست دەكات.
باشلیە ئاماژەی بەوەدا، پێویستە ئەو دۆسیەیە یەكلا بكرێتەوە، یان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان دادگایەكی بكرێت ، یانیش ئازاد بكرێن.


وشە - فه‌رمان سادق