ئەمەریكا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە ئێران پێك دەهێنێت

:: PM:03:54:24/06/2019 ‌
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای عەرەبستانی سعوودیە تاوتوێی پێكهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە ئێرانی كرد، بڕیارە لەسەر هەمان پرس سەردانی ئیماراتیش بكات.

ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران، پۆمپیۆ پێش گەیشتنی بۆ سعوودیە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە واشنتن رای گەیاند، ئەمەریكا دەیەوێت لەسەر هەڵوێستە ستراتیجییەكانی و پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی كە هەمووان لەو ئالنگارییە تێ بگەن، گفتوگۆ لەگەڵ سعوودیە و ئیمارات بكات. 

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە ریازی پایتەختی سعوودیە و لەگەڵ شا سەلمان كۆبووەوە، چاوەڕێ دەكرێت دواتریش لەسەر پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە سەردانی ئیمارات بكات.

پێكهێنانی هاوپەیمانییەكە لە كاتێكدایە دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی لەگەڵ ئێران، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەرووی سیاسی و ئابووری و تەناهییەوە ناجێگیرە، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا تا ئێستە دوو هێرش كراوەتە سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە كەنداوی عەرەبی و كەنداوی عومان، هاوكات هێرشی حووسییەكان لە رێگەی فڕۆكەی مینڕێژكراوی بێ فڕۆكەوان بۆ سەر سعوودیە بەردەوامە.
  
پۆمپیۆ، هیچ زانیارییەكی لەسەر پێكهاتەی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە ئاشكرا نەكرد كە چەند وڵات تێیدا بەشدار دەبن و ئامانجی پێكهێنانەكەشی چیە.

فەرمان



وشە - فه‌رمان سادق