سەرۆك بارزانی: پێویستە ئیدارەی شنگال لە دەستی خەڵكەكەی بێت

:: PM:04:01:24/06/2019 ‌
سەرۆك بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كچ و ژنانی ڕزگاركراو لە دەست تیرۆریستانی داعش كۆبۆوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆك بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان و بەڕێوەبەری كاروباری كوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی نووسینگەی رفێنڕاوانی كوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆك، كورتەیەكیان لەسەر هەوڵەكان بۆ ڕزگاركردنی كچ و ژنانی ئێزدی لەدەست تیرۆریستانی داعش و ڕەوشی ئێستەی ژیانی ئەو ڕزگاركراوانە و هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانێكی ئاسایی، خستەڕوو.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە كۆبوونەوەكەدا پێشكەش كران، لە كۆی ٦٤١٧ كەس كە لەسەرەتای پەلاماری تیرۆریستان بۆسەر دەڤەری شنگال كەوتبوونە دەست داعش، ٣٤٧٦ كەسیان ڕزگار كراون و تائێستەش ٢٩٤١ كەس بێسەروشوێنن. هەروەها ئەوەش خرایەڕوو كە دوای ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسینگەیەكی تایبەتی بۆ بەدواداچوون و ئازادكردنی ئێزدییەكانی دەستی داعش دامەزراند، لەكۆی ٣٥٤٨ كچ و ژنی ئێزدی كە لەلایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندرابوون، تا ئێستە تواندراوە ١١٨٤ كەسیان ڕزگار بكرێن و هەوڵەكانیش بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەوانەی تر بەردەوامە و باسی تەواوی ئەو ئاستەنگانەش كرا كە دێتەڕێیان.

هەر لە دیدارەكەدا، هەندێك لە كچ و ژنانی ڕزگاركراوی دەستی داعش باسی ئەو نەهامەتی و ئازارانەیان كرد كە لەماوەی مانەوەیان لەدەست تیرۆریستان تووشیان بووە و وەك كۆیلە كڕین و فرۆشتنیان پێ كراوە و لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە ئازار دراون.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی كچ و ژنانی ڕزگاركراوی دەستی داعش، ڕای گەیاند، ئەوەی بەسەر خوشك و برایانی ئێزدیدا هات درێژەی ئەو كارەساتانەبوو كە پێشتر بەسەر گەلەكەماندا هاتوون، لە ئەنفال و زیندەبەگۆڕكردنی ١٨٢ هەزار ژن و پیاو و منداڵ و پیر و گەنجی گەلەكەمان و كیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچەكانی تری كوردستان و بێسەروشوێنكردنی ١٢ هەزار گەنجی فەیلی و هەشت هەزار بارزانی و دەیان هەوڵی دیكە بۆ لەناوبردنی گەلەكەمان، ئەو كارەساتەی بەسەر ئێوەش هات تەواوی برینەكانی پێشووی جەستەی گەلەكەمانی هێنایەوە ژان.

سەرۆك بازانی هەروەها رای گەیاند، زۆر باش لە ئازار و مەینەتییەكانی ئێوە تێدەگەم و جارێكی تریش دووپات دەكەمەوە ئێوە هێمای شەرەفی گەلەكەمان و ئازیزی ئێمەن. هەروەها دووپاتی كردەوە، تیرۆریستان بەو ڕەفتارە نامەردانەیان بەرانبەر ئێوە هەم دڕندەیی خۆیان پێشان دا و هەم مەزڵومییەتی ئێوەیان سەلماند، بەڵام خۆشبەختانە بە هەوڵ و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكان زۆر مەردانە تۆڵەی ئێوە كرایەوە و تیرۆریستان تێكشكان و كەوتنە ژێرپێی ئێوە.

سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە كە لە ڕێی پارلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمەوە هەوڵ دەدەین هەرچی پێویستە بۆ ئێوە بكرێت تا ژیانێكی ئاسایی بژین و ڕای گەیاند، دۆخی ئێستەی شنگال نابێ وا بمێنێتەوە و پێویستە ئیدارەی شنگال لەدەستی خەڵكی شنگالدا بێت و ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم