پەلاماردانی سێكسی لە سلێمانی ڕوو لە زیادبوونە

:: PM:08:17:26/06/2019 ‌
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندوتیژی دژ بە ژنانی كوردستان لە ماوەی یەك مانگدا لە سلێمانی 12 ژن سووتاون و سێ ژن دەستدرێژی سێكسیان كراوەتەسەر.

بەپێی ئامارەكە لەو مانگەدا لە سلێمانی یەك ژن خۆی كوشتووە ‌و هەشت ژن سووتاون و سێ ژنیش خۆیان سووتاندوە و لەو ماوەیەدا 248 سكاڵا لە لایەن ژنانەوە دژی پیاوان تۆمار كراوە بەهۆی ئەوەی توندوتیژیان بەرانبەر كراوە و لێیان دراوە.

هەروەها سێ ژن لە سلێمانی دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەر و حاڵەتەكانی دەستدرێژی بەراورد بە مانگی رابردوو زیادی كردووە بەو پێیە مانگی رابردوو دوو ژن دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر هەروەك لە لایەن ژنانەوە لەم مانگەدا 49 سكاڵا دژی پیاوان زیادی كردووە بەراورد بە مانگی رابردوو.

شەونم حەمەكەریم توێژەری بواری كۆمەڵایەتی بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەر كۆمەڵگەیەكدا توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان هەبوو حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتن و سووتانی ژنان دەبێت، چونكە كاتێك توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەكرێت سەر دەكێشێت بۆ حاڵەتەكانی تر و سەرئەنجام ئەوانەی لێ دەكەوێتەوە.

زیاتر گوتی، دەستدرێژییە سێكسییەكان جۆرێكە لە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زۆرجاریش بە خۆسووتان كۆتایی دێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 13814 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌