"وشە" پرۆژە ئامادەکراوەکەی کۆنگرەی یەکێتی دەخاتە ڕوو

:: AM:09:55:06/07/2019 ‌
بنەماڵەی تاڵەبانی پڕۆژەیەكی تایبەتیان بۆ كۆنگرەی حزبەكەیان ئامادە كردووە و بڕیاریان داوە بەو پڕۆژەیەوە بچنە كۆنگرەی حزبەكەیانەوە، ئێستەیش سەرقاڵی لۆبیكردنن بۆ پڕۆژەكە لەناو مەكتەبی سیاسیدا، "وشە" بەشێكی ئەو پڕۆژەیە بڵاو دەكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە"، پڕۆژەكەی ماڵی تاڵەبانی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگییەوە نووسراوە و دواتر ڕەزامەندیی بەرهەم ساڵحی لەسەر وەرگیراوە، بەو جۆرەش ئێستە سەرقاڵی لۆبیكردنی پڕۆژەكەن لەناو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، تا لە كاتی خستنەڕوویدا كێشەی بۆ دروست نەبێت و پەسەند بكرێت، ڕاستەوخۆش وادەی كۆنگرە دیاری بكرێت.

یەكێتی بەبێ نەخشەیەكی ڕوون و دیار ناتوانێ بچێتە كۆنگرەوە، چەند جارێكیش هەوڵ بۆ ڕێككەوتن لە نێوان باڵەكان دراوە كە پێش كۆنگرە بسازێن و دواتر بچنە كۆنگرەوە، بەڵام ڕێك نەكەوتوون و ئێستە ئەم پڕۆژەیەی ماڵی تاڵەبانی لە ئەگەری جێبەجێكردن نزیك ببێتەوە و ئەو حزبە لە پەتای نەبەستنی كۆنگرە ڕزگار دەكات.

سەرچاوەیەكی نزیك لە ماڵی تاڵەبانی، بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، پڕۆژەكە بە جۆرێكە كە ڕۆڵی كۆسرەت رەسووڵ لە كۆنگرەدا وەك برا گەورەی لێ دەكرێت لە دەرەوەی ئۆرگانی ڕەسمیی یەكێتی و مەكتەبی سیاسی، لە بەرانبەر ئەوەشدا یەكێك لە كوڕەكانی دەكرێ بە مەكتەبی سیاسی. هاوكات پێشتریش لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ كۆسرەت رەسووڵ قسە دەكرێت.

ئەوەیشی راگەیاند، قسەیەكی سەرەتایی لەگەڵ كۆسرەت رەسووڵدا كراوە، قبووڵی پڕۆژە و بیرۆكەكەی نەبووە. بەڵام وەك سەرچاوەكەی "وشە" گوتی، نەخۆشی و خراپیی باری تەندروستی وای لێ دەكات قبووڵی پڕۆژەكە بكات، چونكە لە ئەگەری نەخوازراودا كە بەسەر تەندروستیدا بێت، گرەنتی نییە هیچ كام لە كوڕەكانی بگەنە ناو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی.

بەپێی پڕۆژەكەی ماڵی تاڵەبانی، پۆستی سكرتێری گشتی لەناو یەكێتی نامێنێت، بەڵكو دەبێتە سیستمی هاوسەرۆكی و بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕەشنووسی پڕۆژەكەدا بافڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح وەك هاوسەرۆك دەستنیشان كراون.

هەر بەپێی پڕۆژەكە، جگە لەوانیش هەریەكە لە شانا برایم ئەحمەد، لاهوور جەنگی و كوڕێكی كۆسرەت رەسووڵ دەكرێن بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، هەریەكە لە هێرۆ برایم ئەحمەد، شێخ جەعفەر، عومەر فەتاح لە مەكتەبی سیاسی دوور دەخرێنەوە و وەك ڕاوێژكاری حزب دەمێننەوە.

هەر لە پڕۆژەكەی ماڵی تاڵەبانیدا، بەشێكی تر هەیە كە ئەگەر ئەو مەكتەب سیاسییانە دوورخستنەوەیان قبووڵ نەبوو، ئەوا ئۆرگانێكی تر دەكەنەوە بەناوی "ئەنجوومەنی ئەزموونی سیاسیی یەكێتی" كە تێیدا ئەو مەكتەب سیاسییانە كۆ دەكرێنەوە و وەك ئەنجوومەنێكی ڕاوێژكاری لەناو كۆنگرەدا شەرعییەتیان پێ دەدرێت.

سەرچاوەكەی "وشە" ئاماژەی بەوەش دا، پڕۆژەكە ناوی "پڕۆژەی هەستانەوەی یەكێتییە" و تا ئێستە ژمارەیەك لە مەكتەب سیاسییەكانی یەكێتی ئۆكەیان لەسەری داوە، بۆیە لەگەڵ تەواوبوونی پرسی پێكهێنانی حكوومەت و پارێزگاری كەركووك، كار بۆ خستنەڕووی ئەو پڕۆژەیە دەكرێت لەناو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا، چونكە هیچ بیانوویەك نامێنێت بۆ نەبەستنی كۆنگرە.

"وشە" پێوەندیی بە زیاد لە مەكتەب سیاسیی و سەركردایەتییەکی یەكێتییەوە كرد، بەڵام بێئاگایی خۆیان لەو پڕۆژەیە ڕاگەیاند.

سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، گوتی، هەر پرسێكی تایبەت بە كۆنگرە، لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت بە پێی ڕاپۆرت و ئامادەكاریی لیژنەكان.

لەبارەی چارەنووسی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی سەرچاوەكەی "وشە" ڕوونی كردەوە، لە پڕۆژەكەدا بە دیاریكراوی ناوی ئەو نەهاتووە و پێ دەچێت بەر لە پەسەندكردنی پڕۆژەكە، بنەماڵەی تاڵەبانی مەلا بەختیار ئاشت بكەنەوە و یەكێك بێت لەوانەی پڕۆژەكە پەسەند دەكات.

وشە/ سلێمانی- تایبەت



وشە - وشه‌