نێرگز پیاوێکی هاوتەمەنی باوکی خۆشدەوێت

:: PM:04:19:06/07/2019 ‌

کچێکی تەمەن 22 سال لە هەولێر پیاوێکی تەمەن 42 ساڵی خۆشدەوێت کە خاوەن ژن و دوو منداڵە، دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، دایکی کچەکە ڕازییە، بەڵام باوکی ڕازی نیە و دەڵیت ئەگەر کچەکی بکوژێت نایدات بەو پیاوە، کچەکەشی دەلێت ئاشقی ئەو پیاوە بووە و ئەو هەست و سۆزەی لەوەوە وەری گرتووە لە باوک و برا و هیچ کەسێکی نەبینیوە.

نێرگز ناوی خوازراوی ئەو کچەیە کە لە خێزانێکی لەیەک هەڵوەشاودا گەورەبووە، براگەورەکەی لە دەرەوەی وڵاتە، خوشکەکەی هاوسەر گیری کردووە، لەگەل دایکی و برا و خوشکێکی بچوکی دەژیت لە قاتی سەروەی ئەو خانووەی کە باوکی لەگەڵ ژنە تازەکەیدا دەژین، نێرگز بۆ "وشە"باسی ژیانە بێشیرازەکەی دەکات لەگەڵ ئەو دایک و باوکەی کە تا ئێستا بۆی ڕوون نیە لەیەک جیابوونەتەوە یاخود نا.

لەباسی خێزانەکەیدا گوتی، لەوەتەی بیرم دێت باوک و دایکم بەیەکەوە ناگونجێن، لێدانەکانی باوکم کە لە دایکم وئێمەی دەدا هێشتا لەبەر چاومە، باش بیرمە فرمێسکی لێدانێکی وشک نەدەبوویەوە ئەو کاتەی دووبارە بەقسەی زبر و لێدان ئارامی گریانەکەی دەشیواند، ماوەی دە ساڵە بە یەکجاری هیچ پێوەندییەکی ئەوتۆی پێمانەوە نەماوە کە ژنی دووەمی هێان، ئێستا لە کەیف و سەفای خۆی دەژی، نازانێ ئێمە هەین یاخود نا، تەنیا بۆ لێدان و سوکایەتی هەموو کات ئامادەیە.

نێرگز دڵنیا نیە لەوەی دایک و باوکی بە فەرمی لە یەکدی جیا بووەنەتەوە یاخود نا، بەڵام دەلێت، باوکم لەوەتەی هەیە سوێندی ڕاست و درۆ بە تەڵاق دەخوات، بۆیە نابێت خاوەن هیچ ژنێک بێت نەوەک دوو، ئەوەی ئێستا داخی گەورەی نێرگزی تەمەن 22 ساڵە ئەوەیە باوکی ڕازی نیە هاوسەرگیری لەگەل ئەو پیاوە بکات کە 20 سال لەخۆی گەورەترە و خاوەن خێزانە.

لەباسی خۆشەویستەکەی گوتی، ئەو پیاوە خزمی دایکمە، زۆر بۆمن و دایکم و خوشک و براکەم باشە، لە هەموو ڕوویەک هاوکاریمان دەکات، کاری بۆ براکەم دۆزییەوە، پارەم پێدەدات بۆ خەرجی ماڵەوە و هاوکاری خوشک و براکانمە، هەرچیم بوێت لە دنیا بۆم دەکات، ئەوانەی کە لە ژیانم نە باوکم نە براکەم بۆیان نەکردووم ئەو پیاوە بۆم دەکات، هەموو ئەو هەست و سۆزەی لێی بێبەش بووم لە تەمەنمدا، ئەو بۆی قەرەبوو کردوومەتەوە، بۆیە ئامادەم هاوسەرگیری لەگەل بکەم و هیچ پێوەندیشم بە ژنی یەکەم و دوو منداڵەکەی نیە.

باوکی نێرگز ڕازی نیە بەو هاوسەرگیرییە ، بەڵام دایکی ڕازییە و پێی گوتووە ئەو سۆزەی لە باوکی وەری نەگرتووە لەو پیاوە وەری دەگرێت، نێرگزیش بەبێ بیرکردنەوە لەو ژیانەی کە لەبەرچاوی وەکو شانۆ تا ئەمڕۆ تیایدا دەژی لە مالی دوو ژنیدا، ڕازییەوە و دەڵێت یان هاوسەرگیری لەگەل ئەو پیاوە دەکات یان تا هەتایە هاوسەرگیری ناکات.

بۆ بەدواداچوونی زیاتری ئەم حاڵەتە توێژەری کۆمەڵایەتی "ڕوناک عوسمان مستەفا " سەرپەرشیاری توێژەران و ڕێنماییکارانی پەروەردەیی بۆ "وشە" گوتی، یەکەم هۆکار بۆ ئەوەی ئەم کچە توشی خۆشەویستییەکی لەو جۆرە بۆتەوە، کێشە خێزانییەکانن کە تیایدا ژیاوە، چونکە کاتێک کێشەی خێزانی هەبێت، تاکەکان پەنا بۆ دۆزینەوەی خۆشەویستی دەبەن لەدەرەوەی خێزان، خۆشەویستی ئەم کچەش بۆ پیاوێکی لەو تەمەنەدا یەکەم هۆکاری نەبوونی هەست و سۆزی باوکانە و زۆری کێشەی خێزانییە، ئەو کچە کاتێک هەست و خۆشەوسیتی باوکانەی لە تەمەنی گەورەییدا نەبینیوە و هەستی بە هەبوونی باوکی لە خێزانەکەی نەکردووە، بەم جۆرە هەڵەیە کەوتۆتە خۆشەویستی کەسێکی هەڵەوە.

مرۆڤ هەمیشە بەدوای ئەو شتانەدا دەگەڕێت کە نییەتی و نەیبینیوە، کاتێک پیاوێک لەو تەمەنەدا گرنگی بەو کچە و خێزانەکەی دەدات، ئەویش هەم وەک جێگرەوەی باوکی هەم وەک پیاوی داهاتووی خۆی دەیبینێت، بەداخەوە ئەو حالەتە زۆرە بەهۆی نەزانی مامەڵەی دایک و باوکانیش بەرەو زیاتر دەڕوات، چونکە ئەوەی کە ئێمە هەمیشە جەختی لێدەکەینەوە ئەوەیە ، دایک و باوکان کاتی هەبوونی کێشە لەبەر چاوی منداڵەکانیان خۆیان دەرنەخەن و هیچ کات لەبەردەمی ئەواند تووڕەیی دەرنەبڕن، ئەگەرنا کاردانەوی خراپی بۆ ئەوکات و داهاتوش دەبێت.

ئەم بارودۆخە ڕاستە بەهۆی ناکۆکی و کێشەکانی خێزانەکەیەوە دەروست بوون، بەڵام ئەم کچە دەبێت ئەوەی لەلا ڕونبێت کە بەم هەنگاوەی نەک هەر ژیانی ناگۆڕێت، بەڵکو تێکیش دەچێت، چونکە دووبارە دەکەوێتە کێشەیەکی گەورەتری وەک بارودۆخی ماڵی خۆیان کە دوو دایکی هەیە و ئەو خێزانەش تێک دەچێت، بەهۆی زۆری جیاوازی تەمەنیشیانەوە لە داهاتوودا کێشەیەکی زۆریان بۆ دروست دەبێت، ئەم پێوەندییانە هەمیشە ڕووکەشین و لە سەرەتادا ئاوا بریسکەدارن ،بەڵام کۆتاییەکەیان تێکچوونی ژیانە.

ئەم کچە دەتوانێت کەسێکیتری خۆشبوێت هاوتەمەنی خۆی وخێزاندار نەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانێکی تازە سەر لە نوێ دروسوت بکات و ئاسودەیی بهێنێتە ژیانی، نەوەک بە تێکدانی خێزانێکی تر ژیانی خۆی زیاتر بشێوێنێت و لەگەڵ کەسێک کە هاوتەمەنی باوکیەتی هاوسەرگیری بکات، پێویستە ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن جیاوزی تەمەنیان لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت، چونکە بەهۆی جیاوزی بیرکردنەوەیان لە داهاتوو ڕووبەڕوی کێشە و گرفی زۆر گەوەرە دەبنەوە کە چارەسەریان ئاسان نابێت.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولڕەحمان



وشە - هیدایه‌ت جان