پارتی: گەڕی دووەمی كۆبوونەوەكان ئەنجامی باشیان دەبێت

:: PM:07:41:11/01/2017 ‌

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ‌، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لێكگەیشتن هەبووە و رای گەیاند كە لە كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن و لە گەڕی دووەمی كۆبوونەوەكاندا هەموو هەوڵێك دەدرێت تا ئەنجامێكی باشیان هەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم لە پارێزگای هەولێر شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوە و دوابەدوای كۆبوونەوەكە لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایان گەیاند، كۆبوونەوەكانی نێوانیان بەردەوام دەبێت و پێشنیاز كراوە كۆمیتەیەكی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەكان پێك بهێنرێت.

دكتۆر ڕِۆژ نووری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دوابەدوای كۆتاهاتنی رێورەسمی كردنەوەی كونسوڵخانەی ژاپۆن لە هەولێر بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن و لە گەڕی دووەمی كۆبوونەوەكاندا هەموو هەوڵێك دەدرێت تا ئەنجامێكی باش بەدەست بێت.

لەبارەی ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەكێتی گوتی، كۆبوونەوەیەكی باش بوو و لێكگەیشتن هەبووە و دەیان خاڵی گرنگ تاوتوێ‌ كراوە.

كۆبوونه‌وه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دێت بۆ چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌ ناوخۆیییه‌كان كه‌ له‌ 20 تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2016 ئاراسته‌ی ڕای گشتیی كوردستان كرا، تێیدا بارزانی داوای كرد، حزبه‌كان بكه‌ونه‌ گفتوگۆ و په‌رله‌مان كارا بكه‌نه‌وه‌ و سه‌رۆكایه‌تییه‌كی نوێ هه‌ڵبژێرن، دواتر پێویسته‌ حزبه‌كان رێك بكه‌ون حكوومه‌تێكی نوێ پێك بهێنن و به‌ڕێزێكیش بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان تا كاتی هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشان بكه‌ن و منیش به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ یارمه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌ده‌م.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم