شیعە رێگری لە وەرگرتنەوەی پۆستی بەرگری لە سوننە دەكەن

:: PM:10:49:11/01/2017 ‌

ماوەی چوار مانگ زیاترە پۆستێكی هەستیار كە وەزارەتی بەرگری عێراقە پڕ نەكراوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە عێراق لە جەنگدایە و دەوڵەتانی جیهان چاویان لەو جەنگەیە كە عێراق تێی كەوتووە، سوننە دەڵێ ئەو پۆستە مافی ئەوانە و سەرۆك وەزیرانیش بێ دەنگە.

خالد عوبەیدی كاندیدی سوننەكان لە سەرەتای 2014ەووە وەزیری بەرگری عێراقە، بەڵام لە 25/8/2016دا پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی ئەندامانی لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان بەتۆمەتی گەندەڵی دوور خرایەوە لەو كاتەوە تا ئێستە، پۆستی وەزارەتی بەرگری پڕ نەكراوەتەوە.

رەعەد دەهلەكی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی یەكێتی هێزە سیاسییەكانی عێراق (سوننە) بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ یەكێتی هێزە سیاسییەكانی عێراق جەختیان لەوە كردووەتەوە كە ئەوان كاندیدیان دەبێ بۆ پڕكردنەوەی پۆستی وەزارەتی بەرگری عێراق كە وەك دەستكەوتێكی هەڵبژاردن پشكی سوننەیە.

زیاتر گوتی، ئەگەرچی زیاتر لە سێ كاندی هەیە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام پاشخستنی وەرگرتنی ناوی كاندیدەكان لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانەوە كارێكی نەگونجاوە، چونكە دەوڵەت لەشەڕدایە و مەترسی ئەوەش هەیە گرفت بۆ كاندیدەكان بێتە دروستكردن.

رزگار محەمەد شرۆڤەكار لە گەرمیان بۆ " وشە" ئاماژەی دا، بەشێوەیەك لە شێوەكان جۆرێك لە ناكۆكی لە نێوان سەركردەكانی یەكێتی هێزە سیاسییەكان (سوننە) هەیە بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری عێراق، بەڵگە بۆ ئەوەش لێدوانەكانی سەلیم جبوور سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە كە بەم دواییە گوتبووی دیاریكردنی كاندید بۆ ئەو پۆستە پێوەندی بە پەرلەمانەوە نییە، هاوكات سەرۆك وەزیرانیش دەیەوێ كاندید لە پەرلەمانەوە بێتە هەڵبژاردن.

راشی گەیاند كە هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) ئومێدیان بە ئاڵۆزیی نێو ماڵی سوننە بۆ بەخاڵی هێشتنەوەی پۆستی وەزارەتی بەرگری هەیە بۆ ئەوەی حەشدی شەعبیش وەك هێزێكی نیزامی پشت ئەستوور بەسەرۆك وەزیران زیاتر بە ناوی یاساوە ئەسپی خۆی لە مەیدانی سەربازیدا تاو بدات.

محەمەد باسی لەوەش كرد كە مانەوەی جەنگی دژ بە تیرۆر لە عێراق لەسایەی نەبوونی وەزیرێكی سوننە و هەوڵی بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە میحوەرەكانی شەڕ لە بەرژەوەندی حەشدی شەعبیدایە، بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی وا خۆی دەربخات هێزی یەكەمی عێراقە و لە پێش سوپا تۆكەمەتر روبەڕووی  داعش دەبێتەوە.

گەرمیان – سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل