مالیكی دەیەوێ ببێتە سەرپەرشتیاری گشتیی حەشدی شەعبی

:: AM:09:12:12/01/2017 ‌

نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، لە هەوڵدایە خۆی بكاتە سەرپەرشتیاری گشتیی حەشدی شەعبی، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی ئێرانی كردووە تا ڕەزامەندی ئەوان وەربگرێت لەسەر سەرپەرشتیكردنی حەشدی شەعبی، بە بڕوای چاودێرانی سیاسیش مالیكی بۆ چوونەوە دەسەڵات هەموو هەوڵێك دەدات و وەرگرتنی حەشدی شەعبیش زیاتر بۆ ئەو مەبەستەیە.

نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بوو كە بەهۆی ناكۆكیی لایەنە عێراقی و دەرەكییەكان لەسەری، ئەو پۆستەی لێ‌ وەرگیرایەوە، بەڵام لەوكاتەوەی ئەو پۆستەی لێ‌ سەنراوەتەوە، هەموو هەوڵەكانی خۆی خستوونەتە گەڕ بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا.

سەربەست جیهاد، چاودێری سیاسی و شارەزا لە كاروباری سەربازی ئاماژەی بەوە دا، هەوڵی نووری مالیكی بۆ وەرگرتنی حەشدی شەعبی بۆ بەهێزبوونی پێگەی خۆیەتی لە عێراقدا.

ئەو بە "وشە"ی گوت، "وەرگرتنی حەشد لەلایەن مالیكییەوە هەنگاوێك لە كورسیی دەسەڵات نزیكی دەكاتەوە، چونكە ئێستە لە عێراقدا ئەو كەسە دەسەڵاتی هەیە كە هێزی هەبێت."

ساڵی ٢٠١٤، دوای كەوتنی مووسڵ و شكانی هێزەكانی سوپای عێراق و هاتنی داعش، لەسەر فەتوای عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكان لە عێراق و بە پشتگیریی حكوومەتی عێراق، حەشدی شەعبی دامەزرا. حەشدی شەعبی، لە سەرەتادا سوپایەكی تۆكمە و ڕێكخراو نەبوو، بەڵكو گردبوونەوە و تۆپەڵبوونی ئەو شیعانە بوون كە بە پیر داواكەی سیستانییەوە هاتن بۆ شەڕكردن دژی داعش، بەڵام دواتر و هەتا ئێستە، ئەو هێزە بەرەو ڕێكخراوەیی و تۆكمەیی بەردەوام دەچێت و لە كۆتاكانی ساڵی 2016دا ئەو هێزە بە یاسا بوو بە بەشێك لە هێزی بەرگریی عێراقی.

ڕۆژنامەی عوكازی سعوودی لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاوی كردووەتەوە، مالیكی داوای پشتگیری لە محەمەد جەعفەری، سەركردەی سوپای پاسدارانی ئێران كردووە بۆ ئەوەی دوای شەڕی مووسڵ ببێت بە سەركردەی چەكدارانی حەشدی شەعبی.

سەرچاوەكە ڕای گەیاندووە، چەكدارانی حەشدی شەعبی لە ژێر سەرپەرشتیی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێراندایە و مالیكی بە هەوڵەكانی دەیەوێ ئەو پۆستە وەربگرێت.

ڕۆژنامەكە ئاماژە بەوەش دەكات، ئەم هەوڵانەی مالیكی بۆ ئەوەی دوای شەڕی مووسڵ لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە "هێرش بكاتە سەر كورد و توركمانەكان بۆ ڕێگریكردن لە دابەشكردنی نەینەوا"، هەروەها دامەزراندنی سەربازگەكانی حەشدی شەعبی لەناو خاكی سووریادا وەك قۆناغی دووەم.

هەروەها مالیكی داوای پڕچەككردنی چەكدارانی حەشدی شەعبی كردووە و ڕای گەیاندووە، "پڕچەككردنی ئەوان لە تەیاركردنی سوپای عێراق گرنگترە".

مالیكی، چەند ڕۆژێك پێش ئێستە سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی كرد و لە سەردانەكەشدا لە چەند بۆنەیەكی جیاواز ڕای گەیاند، دەبێت هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بكشێتەوە كە دوای شەڕی داعش كۆنتڕۆڵی كردووە، هەروەها ڕای گەیاند "ئەگەر پێویست بكات، حەشدی شەعبی دەبرێتە وڵاتی سووریا، ئەوەش بۆ شەڕی داعش".

حەشدی شەعبی، تێكەڵەیەكە لە میلیشیا توندڕەوەكانی شیعە و هەندێك هێزی تایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران. لە مەڕ ژمارەی ئەو هێزە بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێك سەرچاوە دەڵێن 500 هەزار چەكدارن و هەندێكی تریش بە نزیكەی ملیۆنێك هەژماریان دەكەن، بەڵام بە 200 هەزار چەكدار بە یاسا بوون بە هێزی بەرگریی عێراقی. لە بەناوبانگترینی كەتیبەكانی حەشدی شەعبیش، سوپای بەدر، سەرایای خوراسانی، سەرایای سەلام و عەساییبی ئەهلی حەقن، هاوكات لەگەڵ چەند كەتیبەیەكی تریش كە چوونەتە ناو حەشدەوە. لەناو ئەو كەتیبانەشدا، سوپای بەدر بەناوبانگتر و گەورەترین هێزی ناو حەشدە و هادی عامری سەرپەرشتییان دەكات.

شارەزایانی سەربازیی هەرێم زوو زوو باس لە مەترسییەكانی حەشدی شەعبی دەكەن لەسەر هەرێمی كوردستان و هەندێك فەرماندەش ئاشكرای دەكەن، شەڕی كورد دوای داعش لەگەڵ حەشدی شەعبی دەبێت، ئێستە كە مالیكی هەوڵی وەرگرتنی حەشد دەدات، مەترسییەكان زیاتر بوون.

ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، حەشدی شەعبی لە ژێر دەستی مالیكیدا مەترسییەكانی زیاترن.

ئەو گوتی، "مالیكی لەوەتەی لە دەسەڵات نەماوە، هەموو هەوڵێك بۆ وەرگرتنەوەی دەدات، وەرگرتنی حەشدیش بەشێكی هۆكاری وەرگرتنەوەی دەسەڵاتە لەلایەن خۆیەوە."

وشە/ سلێمانی- شاد كەیوان


وشە - تایبه‌ت