بەریتانیا لە كەنداو ڕووبەڕووی ئێران دەبینەوە

:: AM:09:25:12/01/2017 ‌

وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی پشتیوانی هاوپەیمانییەكی بەهێز دەكات لەگەڵ ئەنجوومەنی هاریكاری وڵاتانی كەنداو لە ماوەی داهاتوودا و پێویستیشە بەر لە كردە دوژمنكارییەكانی ئێران لە ناوچەكە بگیرێت.

تۆبایاس ئالوود وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاشكرای كرد، ئاسایشی وڵاتانی كەنداو وەك ئاسایشی بەریتانیا وایە، پێویستە لەسەر هەردوولامان كار بكەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كردە دوژمنكارییەكانی ئێران لە ناوچەكەدا، بەتایبەت لە لبنان و عێراق و سووریا و یەمەن و وڵاتانی كەنداو.

هەروەها گوتی، ئێمە هەست بەو هەڕەشەیە دەكەین كە ئێران لەسەر وڵاتانی كەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستی كردووە و كاریش دەكەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو كردانەی ئێران.

ئالوود ڕای گەیاند، چاوەڕێی دەرفەتی دەرچوونی بەریتانیاین لە یەكێتیی ئەوروپا، ئەوكات ڕێككەوتنی بازرگانی نوێ لەگەڵ وڵاتانی كەنداو واژوو دەكەین، بە بڕوای ئێمە كەنداو گەورەترین ژینگەی وەبەرهێنانی بەریتانیا و دووەم گەورەترین بازاڕی هاوردەكردنەی كەلوپەلی بەریتانیایە، بۆیە ئەمانە هانمان دەدەن تا پێوەندییەكانمان بەرەو پێشتر و فرەوانتر بكەین لە ساڵانی داهاتوودا.

لەبارەی پرسی یەمەن، ئەو وەزیرەی بەریتانیا ئاشكرای كرد، پێویستە شەڕ و كۆمەڵكوژی لە یەمەن بوەستێنرێ و چەكەكان بێ دەنگ بكرێن و دانوستاندن دەست پێ بكاتەوە و ڕێگە بە گەیشتنی كۆمەك و هاوكارییەكان بۆ خەڵكی لێقەوماو بدرێت.

سەرچاوە/سكای نیوز.




وشە - باز ئه‌حمه‌د