ئەو كەسەی هاوسەری بۆ ژنان دەبینییەوە گیرا

:: PM:01:44:11/07/2019 ‌
پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات ئەو كەسەیان گرتووە كە لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ژنانی هەڵدەخەڵەتاند بە بیانووی دۆزینەوەی هاوسەر پارەی لێ وەرگرتوون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچرا تۆمەتبارێكیان گرت لەرێی‌ فەیسبووكەوە فێڵی‌ لە ژنان كردبوو.

ڕوون كراوەتەوە، پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی لەلایەن ژنێك كە كەسێك لەرێی‌ پەیجێكی‌ فەیسبووكەوە خۆی‌ وەك ژن پێناساندووە و ژمارەیەكی‌ مۆبایلی‌ داوەتێ كە ژمارەی‌ خۆی‌ بووە، پێی‌ گوتووە كە ئەمە ژمارەی‌ مۆبایلی‌ كەسێكی‌ باشە و بەمەبەستی‌ هاوسەرگیریی‌ پێی‌ ناساندووە، ئەو كەسەش هەمان تۆمەتبار خۆی‌ بووەو بڕی‌ چوار تا پێنج ملیۆن دیناری‌ لێ سەندووە.

باس لەوەش كراوە، مۆبایلی ئەوكەسە دەستی بەسەردا گیرا و دەركەوت تۆمەتبارەكە خۆی‌ سەرپەرشتی‌ ئەو پەیجەی‌ كردووە و ناوی‌ "ر، ك، م" لەدایكبووی‌ ساڵی‌ 1992، ئێستە بەبڕیاری‌ دادوەر و بەپێی‌ مادەی‌ 2 لە یاسای‌ خراپ بەكارهێنانی‌ ئامێرەكانی‌ پێوەندیكردن ڕاگیراوە و لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچراوە پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوەی‌ بۆ كراوەتەوە.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 5562 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌