گرووپێکی دەمامکدار ماڵی چەند جووتیاری كوردیان سووتاند

:: PM:02:46:11/07/2019 ‌

لە ناوچەكانی سنووری نێوان شارەدێی سەعدیە و مەندەلی سەر بە خانەقین، ماڵی چەند جووتیاری كورد سووتێنراوە و هێزە تەناهییەكانی عێراقیش دەستەوەستانن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، ژمارەیەك جووتیاری گوندی قەرلۆس لە سنوری مەندەلی و سەعدیە ئاشکرای دەکەن، ئەمڕۆ لە سنووری گوندەكانی قەلۆس و نەدا ماڵی کۆمەڵێک جووتیاری كورد سووتێنراوە .

سەربەست عەزیز، دانیشتووی ناوچەکە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، كەسانی دەمامكدار پاش سووتانی چەند ماڵێك هەڵاتوون وتەقەشیان لە هاووڵاتییان كردوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەو چەکدارانە پێشتر نامەی هەڕەشەیان خستووەتە ناو ماڵی جووتیاران بەوەی ناوچەکە جێ بهێڵن و هەرچەند هێزە تەناهییەکان لەوە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام هیچ ریگەچارەیەکیان نەگرتووەتە بەر.

كەمال مستەفا، بەرپرسی كۆمیتەی رێكخستنی مەندەلی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، زانیارییەكانی بۆ "وشە" پشتراست كردەوە و ئاشكرای كرد، ئەوچەكدارانە كە نەزانراوە سەر بە داعشن یان گروپی تر تەقەیان لە خاڵی پشكنینی پۆلیسی مەندەلی كردووە و پۆلیسێكیشیان كووشتوە وهەڵاتوون .

بەگوتەی عەلی حەیدەر، ئەفسەری هەواڵگری پۆلیسی دیالە، داعش لەپشتی ئەو كردوە تیرۆیستییانەیە و کەڵک لە بۆشایی تەناهی سنووری مەندەلی و سەعدیە و تەواوی سنوری دیالە وەرگرتووە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هێزە عێراقیەكان دەستەوەستانن بەرامبەر بەداعش، بۆیە خەڵك چەکیان هەڵگرتووە و پارێزگاری لە خۆیان دەكەن.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان