كونسوڵی گشتی ئوردن بۆ مەسروور بارزانی: شایستەی ئەو متمانەیەن كە پێتان دراوە

:: PM:04:17:11/07/2019 ‌
كونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، هەیسەم ئەبولفول كونسوڵی گشتی ئوردن لە پەیامێكدا بۆ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە، خۆشحاڵم، كە بەو پەڕی گوزارشتەكانی پیرۆزبایی، پیرۆزبایی لە بەڕێزتان بكەم، بۆ ئەو متمانە گەورەیەی بە ئێوە بەخشرا و پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی عێراقتان وەرگرت.

" پیرۆزبایتان لێدەكەم بۆ ئەو متمانە گرنگەی كە پێتان درا و ئێوە شایستەی ئەو متمانەیەن لە خوای گەورە داواكارم هەنگاوەكانتان خێر و خۆشی بن و خوای گەورە یارمەتیدەرتان بێت بۆ بەرگەگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە گرنگە. هەروەها سەرتان بخات لە راپەڕاندنی ئەركە نوێیەكەتان و بەدیهێنانی روانگە و بەرنامەتان لە پێناو خزمەتكردنی هەرێم. هەروەها هیوادارم خوای گەورە تەندرووستی باشتان پێ ببەخشێت و دووبارە پیرۆزە" لە پەیامەكەی كونسوڵی ئوردن وا نووسراوە. 

ڕۆژی 10ی تەمووز، مەسروور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران متمانەی پێ درا و دواتر تەواوی حكوومەتەكەی متمانەیان وەرگرت. پاشان لە گوتارێكدا ڕای گەیاند، یەكێك لە سەرەكیترین كارەكانی حكوومەتەكەی بریتی دەبێ لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم