سوپای ئەمەریكا: هەڕەشەكانی ئێران پێویستی بە چارەسەری نێودەوڵەتی هەیە

:: PM:07:14:11/07/2019 ‌

سەركردایەتی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا رای گەیاند كە هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر رێڕەوی ئاوی پێویست بە چارەسەرێكی نێودەوڵەتی هەیە، ئەوەش دوای ئەوەی سێ كەشتی ئێرانی هەوڵی رێگرتنیان لە كەشتییەكی گواستنەوەی نەوتی كۆمپانیای "بی بی"ی بەریتانی دا لەكاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا. 

وەك لە ئاژانسی "رۆیتەرز" هاتووە، بیل ئۆربان، گوتەبێژ بەناوی سەركردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە كە ئابووری جیهان پشت بە ئازادی هاتوچۆی بازرگانی دەبەستێت و پێویستە هەموو وڵاتان پارێزگاری لەو ئازادییە بكەن بۆ گەشەسەندنی جیهان. 

ئەمڕۆ پێنجشەم حكوومەتی بەریتانیا دووپاتی كردەوە كە راپۆرتەكان ئاماژە بۆ هەوڵی سوپای پاسدارانی ئێران دەكەن بۆ رێگرتن لە كەشتییەكی نەوتهەڵگری بەریتانی لە گەرووی هورمز، كاتێك سێ كەشتی ئێرانی لە كەشتی "هێریتدج"، نزیك بوونەتەوە و هەوڵیان داوە دەستی بەسەردا بگرن، بەڵام شكستیان هێناوە، وەك ئاژانسی "ئەسیۆشێتید پرێس" باسی كردووە.

لای خۆیەوە گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی تیریزا مای ئەمڕۆ پێنجشەم نیگەرانی وڵاتەكەی لەو رەفتارەی ئێران راگەیاند و داوای كرد كە پەرەسەندنی زیاتر روو نەدات، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی تاوتوێی هەر داوایەكی ئەمەریكا دەكات بۆ پاڵپشتیكردنی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و روونی كردەوە كە دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە نەوتییەكەی ئێران لە گەرووی جەبەل تاریق، پێوەندی بە سزاكانی سەر سووریاوە هەیە نەوەك سەر ئێران.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل