لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان په‌یامێك ئاڕاسته‌ى مه‌سروور بارزانى ده‌كات

:: AM:10:25:12/07/2019 ‌
لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان لە دووتوێی  پەیامێکدا پیرۆزبایی حزبی دیموکراتی گەیاندە مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی تازە هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان.

دەقی پەیامەکە:

"زۆر بەڕێز جەنابی کاک مەسروور بارزانی، سڵاوێکی دۆستانە..

لە لایەن خۆم و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەم، بە بۆنەی هەڵبژاردنتان لە په‌رله‌مانی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆک وەزیرانی ئەو هەرێمە.

بێگومان لەم قۆناغەدا کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆر کێشە و کەموکووڕیی ناوخۆیی و دەرەکی بەرەوڕوویە و چاوەڕوانی خەڵکیش لە کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتی بەڕێزتان لە ئاستێکی بەرزدایە، بەرپرسیاریەتییەکی زۆر گەورەتان کەوتووەتە سەرشان.

هیوادارین بە هەستکردن بەو بەرپرسایەتییە و لە هەمانکاتدا، کەڵک وەرگرتنی بەجێ لە هەموو دەرفەتەکان، بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن و هەرێمی کوردستان بەرە و کەناری ئارامی، ئاشتی و ئاوەدانی ڕاکێشن.

لەگەڵ رێزی دووبارە، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران..

لێپرسراوی گشتی/ مستەفا هیجری       

ڕۆژى چوارشه‌م 10ی تەمووز، مەسروور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران متمانەی پێ درا و دواتر و تەواوی حكوومەتەكەی متمانەیان وەرگرت. پاشان لە گوتارێكدا ڕای گەیاند، یەكێك لە سەرەكیترین كارەكانی حكوومەتەكەی بریتی دەبێ لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.


وشە - محەمەد میران