کەمێک پێش ئێسته خۆپێشاندانى ناڕەزایی لەبەردەم بینای پارێزگای کەرکووکدا دهستى پێ كرد.
دواى كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی تەیب جەبار وەك كاندیدی لیستی برایەتی بۆ پارێزگای كەركووك دیاری كرا، ئهمڕۆ ههینى عەرەب و توركمانەكانی شارى كەركووك چەندان بەیاننامە و پەیامیان ئاڕاستەی كورد كرد و داوایان كردووه كە دووربن لە كەركووك و بە پارێزگارێكی كورد ڕازی نابن بۆ كەركووك.
لە دواین كاردانەوەیان ئەمڕۆ ههینى 12ى تهمووز، عەرەب و توركمانەكان خۆپێشاندانێكیان ڕێكخست لە پێش بینایهى پارێزگای كەركووك و دروشمەكانی سەردەمی بەعس دەڵێنەوە وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر كاندیدكردنی كوردێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك.
ھاوكات سەرچاوەیەك لە ناو حەویجە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ڕاكان جبوری بۆ پێشاندانی ھەژموونی خۆی بە كۆستەر و ئۆتۆمبێڵ لە حەویجەوە خەڵك بۆ خۆپێشاندان دەبات بۆ پێش پارێزگای كەركووك و بە پێی زانیارییەكانی "وشە" زیاتر لە 11 كۆستەر و حهوت ئۆتۆمبێڵی ستارێكس لە حەویجەوە ھێنراون بۆ خۆپێشاندان كە ژمارەیان نزیكی 500 كەس دەبێت ".
سەرچاوەیەك لە ناو ھێزە تەناھییەكانی كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "پێشتر داوای مۆڵەت كراوە بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندانەكە و ڕاكان جبوری مۆڵەتی پێیان داوە و ڕێگە لە ھەموو ھێرشێك دەگرین بۆ سەر بارەگای حزبە كوردییەكان".
سەعد حەربیە فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك به "وشه"ى ڕاگهیاند، "ھێزێكی تایبەتمان بۆ پارێزگاریكردن و پاراستنى دامودهزگهكانى ناو شارى كهركووك داناوه و ڕێگە لە ھەموو ھێرشێك دەگرین".
ڕاكان جبووری لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر بووەتە پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك و بەردەوام ھەوڵی سڕینەوەی كورد لە شارەكە دەدات بە ھاوردەكردنی عەرەبی ناوچەكانی تر بۆ كەركووك و لە دوایین ھەوڵیدا خۆپێشاندانێكی ڕێك خستووە بۆ ڕێگە گرتن لە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە كه پشكى كورده.
كهركووك/ دلۆڤان مەجید