ئەمڕۆ بارزانی پرسێكی چارەنووسساز لەگەڵ كونسوڵی وڵاتان باس دەكات

:: AM:11:30:12/01/2017 ‌

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەرایەتی ئەو وڵاتانەی لە هەرێمی كوردستانن، بۆ پرسێكی چارەنووسساز كۆ دەبێتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی سەرۆكایەتی لە هەولێر، لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان كە لە هەرێمی كوردستانن لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ كۆ دەبێتەوە.

بەپێی سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە" لە كۆبوونەوەكەدا، چەند پرسێكی چارەنووسساز باس دەكرێ، لەوانە پرسی سەربەخۆیی و ئەگەر و پێشهاتەكانییەتی.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، دوا قۆناغەكانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ دەخرێتە بەر باس و تەنگژە دارایی و سیاسییە نێوخۆیییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو نوێنەرانە شی دەكرێتەوە.

نزیكی 30 كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی و ئۆفیسی وڵاتانی جیهانی كە لە هەرێمی كوردستانن و كە لە نێویاندا كونسوڵخانەی هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە مافی ڤیتۆیان هەیە، بوونیان هەیە كە لە وڵاتانی "ئەمەریكا، چین، ڕووسیا، فڕەنسا، بەریتانیا" پێك دێن، هەروەها دوێنێ چوارشەم وەزیری دەوڵەتی ژاپۆن بۆ كاروباری دەرەوە لە شاری هەولێر بوو و كونسوڵخانەی ژاپۆنی لە هەولێر كردەوە، كە یەكێكە لە وڵاتە پێشەنگەكان و هێزە هەرە زەبەلاحەكانی ئابووری و تەكنەلۆجیا و زانست لە دنیا.


وشە - كوردۆ شابان