پۆلیسێكی هەولێر خۆی كوشت

:: AM:08:58:16/07/2019 ‌
شەوی ڕابردوو پۆلیسێك لە هەولێر فیشەكێك لە خۆی دەدات و خۆی دەكوژێت و پۆلیسیش هۆكاری خۆكوشتنەكەی بۆ قەرزاری دەگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی تەمووز، نەبەز قاسم هاووڵاتی هاوڕێی رەمەزان بۆ "وشە" گوتی، شەوی ڕابردوو ڕەمەزان خۆی كوشت و تا ئێستەش نازانین هۆكاری خۆكوشتنەكەی چییە.

ئەو هاووڵاتییە گوتی، تا ئێستەش ئێمە لە شۆكداین دوو هەفتەی ڕابردوو یەكترمان بینیوە، بەڵام هەرگیز باسی ئەوەی نەكردووە كە كێشەیەكی هەبێت.

هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكی لەلاپەڕی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، كارمەندمان رەمەزان محەمەد لە بەشی رێكاری سەربازی كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئەوەشی باس كردووە، هۆكاری خۆكوشتنەكە بریتییە لە قەرزاری كە وای كردووە كۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت.

بەهۆی زۆربوونی چەك لە دەست هاووڵاتییان بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە ڕابردوو چەندان جار ڕوونكردنەوەیان داوە كە هۆكارێكە بۆ خۆكوشتن و كوشتنی هاووڵاتییانی تر.







وشە - رامیار جەواد