15 هەزار ناوی لیستی پێشمەرگە دێرینەكان پێشمەرگەی دێرین نەبوون

:: PM:01:39:12/01/2017 ‌


لە پرۆسەی پاكسازی لە لیستی ناوی ئەندامانی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكاندا دەركەوتووە، لە كۆی 30 هەزار ناودا، 15 هەزار لە ناوەكان پێشمەرگەی دێرین نەبوون و تەنیا ئەو 15 هەزار ناوەش بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرز دەكرێنەوە.
 
ئەحمەد جەیران یەكێك لە پێشمەرگە دێرینەكانی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، دەبێت ناوی پێشمەرگە ناوێكی راستەقینە بێت، بەتایبەت ئەوانەی هەڵگری ناوی پێشمەرگەی دێرینن و ناكرێت ناوی تر تێكەڵ بە لیستی ناوی پێشمەرگە دێرینەكان بكرێت.

ئەو لێدوانەی جەیران لەكاتێكدا دێت كە پاش زنجیرەیەك خۆپیشاندانی پێشمەرگە دێرینەكان لە هەرێمی كوردستاندا بەرامبەر بە خەرج نەكردنی مووچەكانیان، دواتر لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ بوونەوە و بڕیار لە پاكسازی لە لیستی ناوی پێشمەرگە دێرینەكان درا، بە هەستكردن بەو راستییەی كە ژمارەیەكی زۆر لە ناو بەبێ‌ ئەوەی پێشمەرگەی دێرین بن، بۆ وەرگرتنی مووچە، خراونەتە لیستی پێشمەرگە دێرینەكانەوە.

جەمیل هەورامی بەرپرسی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان بۆ "وشە"ی روون كردەوە، لە مانگی ئایاری ساڵی پارەوە بەهەزاران پێشمەرگەی دێرینی كوردستان لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی  و هەڵەبجە و یەكەی كارگێڕیی راپەڕین بۆ پێدانی مووچەكانیان لە وادەی خۆیدا دەستیان بە ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان كرد.

هەورامی ئاماژەی دا، "پێشمەرگە دێرینەكانیش كە لە رۆژانی سەختی خەباتدا بە خوێنی ئاڵیان پارێزگارییان لە خاكی پیرۆزی كوردستان كردووە و لەو پێناوەشدا گیانیان بەخت كردووە، لە جەنگی سەپێنراوی تیرۆریستانی داعشدا ژمارەیەك فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین گیانیان بەخت كرد، بۆیە داواكارن پێشمەرگەی راستەقینە و كەسانێك كە پێشمەرگە نەبوون لە یەكتر جیا بكرێنەوە بۆ ئەوەی مافی پێشمەرگە دێرینەكان نەفەوتێت".

هەورامی زیاتر دەڵێ‌، "داواكاری سەرەكیی پێشمەرگە دێرینەكان خۆی لەوەدا بینییەوە كە لیستی ناوەكانیان بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و بەشێوەیەكی رێكوپێك مانگانە مووچەكانیان دابەش بكرێت".

كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان لە پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیستی كوردستان و زەحمەتكێشان پێك هاتووە و پێشمەرگە دێرینەكانی پارتی دەزگەی ئەیلوولیان هەیە.

بەرپرسی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان ئاشكرای كرد، "لە كۆبوونەوەی مانگی ئابی ساڵی رابردوو، لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێك كەوتین لەسەر ئەوەی چاو بە لیستی ناوی پێشمەرگە دێرینەكاندا بخشێنینەوە، نەك كەسانێك بە كردار لە شاخ نەبووبن یان بەشداری شەڕەكانی دژ بە رژێمیان نەكردبێت و ناوەكانیان تێكەڵ بە پێشمەرگەی راستەقینە كرابێت. ئێستە لیستێكی ترمان ئامادە كردووە و پێشكەش بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانی دەكەین".

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، پێشتر لیستی ناوی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان 30 هەزار ناوی لەخۆ گرتبوو، بەڵام لە چاوپێداخشاندنەوەدا دەركەوتووە نیوەی ناوەكان راستەقینە نین.

هەورامی دووپاتی دەكاتەوە، "لە كۆی 30 هەزار ناوی لیستی پێشمەرگە دێرینەكان، تەنیا 15 هەزار ناومان ئامادە كردووە لە لیستە نوێیەكەدا كە دەمانەوێت وەك لیستی ناوی پێشمەرگە دێرینەكان بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەو رۆژانەدا لیستەكە ئاراستەی سەرۆكی هەرێم دەكەین".

هاوكات شێرزاد باوەنووری، بەرپرسی لقی گەرمیانی كۆمەڵەی پێشمەرگەی دێرینەكانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، "خزمەتكردنی تەواو بە پێشمەرگە ئەركی سەرشانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بە ئێستەشەوە پێشمەرگە لە پاش 12 ساڵ لە رووخانی سەدام، دیسان لە جەنگێكی تردایە بەرامبەر بە تیرۆریستانی داعش".

زیاتر دەڵێ‌، "لە سنووری گەرمیان چەند فەرماندەیەكمان شەهید بوون و ئەوەش مانای ئەوەیە كە پێشمەرگە دێرینەكان بە ئێستەشەوە پێشمەرگەن".

گه‌رمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - تایبه‌ت