"هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیران بەستەڵەكی نێوان هەولێر و بەغدا دەتوێنێتەوە"

:: PM:04:06:16/07/2019 ‌

پەرلەمانتارانی شیعە و سوننەی عێراق سەردانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ بەغدا و هەنگاوەکانی بۆ چارەسەری کێشەی نێوان کوردستان و عێراق بە گرنگ وەسف دەکەن و پەرلەمانتارێکیش رای دەگەیەنێت، ئەو هەوڵەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بەستەڵەکی نێوان هەولێر و بەغدا دەتوێنێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، رەعەد دەهلكەی، ئەندامی ئیتلافی نیشمانی سوننەكان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، هەنگاوە رژدەكانی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بەرز دەنرخێنین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان، ئەوەی تێبینیمان كردبێ سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەلایەوە گرنگە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەند كۆتایی پێبێت.


 

زیاتر روونی دەکاتەوە، بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و عێراقیش لەگەڵ رێكکەوتنی هەردوو لایە، بۆیە دەستپێشخەری كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم جێگەی دەستخۆشییە.


 

رەعد دەهلەکەی رای دەگەیەنێت، وەك سوننەكان و لیستەكەیان پشتگیری لە هەوڵە ئاشتیانەكەی سەرۆكی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆچارەسەری كێشەكان.


 

ئیبار محەمەد وەك چاودێرێكی سیاسی عێراقی لەبارەی هەوڵەكانی مەسروور بارزانی بۆ "وشە" ئاماژەیدا، گەرموگوڕی هەوڵەكان بۆ چاوەڕوانی توانەوەی بەستەڵەكی نێوان هەولێر و بەغدای لێ دەكرێت .


 

هاوکات ئەجیال كەریم موسەوی، پەرلەمانتاری رەوتی حكیمە بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم بۆ "وشە" دەڵێ، هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەلایەن سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێم بەگرنگ دەزانین.


 

دووپات لەوەیش دەکاتەوە، پێویستە هەرێمی كوردستان و بەغدا بەپێی دەستوور بە شێوەیەكی بنەڕەتی كۆتایی بە كێشەكانی نێوانیان بهێنن و سەرجەم ناکۆکییەکان وەلا بنرێن و ئێمەیش گەشبینین بە چارەسەری ئەو کێشانەی ساڵانێکە کەڵەکە بوون.

جگە لەم دوو پەرلەمانتارە، دوێنێ عەمانوئیل هۆشایە یوحەنا، وەك پەرلەمانتارێكی مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق گەشبینی خۆی بە سەركەوتنی هەوڵەكانی مەسروور بارزانی پێشاندا بۆ چارەسەری كێشەكان.

بەیانی ئەمڕۆ وەفدێکی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و ئێستەیش لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەدان.

دوێنی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران بڕیاریدا بۆ پێشاندانی نیازپاكی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان سەردانی بەغدا بكات.


 

مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی شاندەكە دەكات و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و فرسەت ئەحمەد وەزیری داد و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەندامی شاندەكەن.


 

بڕیارە شاندەكەی كوردستان لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆ ببێتەوە.


 

گرنگترین ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەن بریتین لە:


 

 

1.پرسی هەناردە و بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و گرێبەستە نەوتییەكان و دەركردنی یاسای نەوت و گاز.

 

 

2.پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

 

 

3.كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان و جێبەجێكردنی مادەی 140

.

 

 

4.بودجە و چەك بۆ پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق.

 

 

5.دروستكردنی ئەنجوومەنی فیدراڵی.

 

 

6.پشكی كورد لە سوپا و دامەزراوەكانی عێراق، ڕاگرتنی رێککەوتن و هاوسەنگی لە دامودەزگاكانی دەوڵەت.

 

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان